فلیک: شایستەی شکست نەبووین

PM:12:13:19/01/2026

212 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فلیک دوپاتیکردەوە شایستەی شکست نەبوون و دەبێت ئەنجامی یارییەکەش قبوڵ بکەن و بەهێزتر بگەڕێنەوە.

هانسی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بەرشەلۆنە، دوای شکستی تیپەکەی بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد بێ ئومێدی خۆی بە ئەنجامەکە دەربڕی و رایگەیاند کە ئەنجامی یارییەکە رەنگدانەوەی راستەقینەی ئەو ئاستە نەبوو کە لەناو یاریگادا پێشکەشیان کرد، چونکە چەندین هەلی گۆڵکردنی روونیان بۆ دروست بوو بەڵام سوودیان لێ وەرنەگرت.

فلیک ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی شێوازی یارییەکەیانی بەدڵ بووە، بەڵام هەندێک هەڵەی بەرگرییان هەبووە و پێویستە لە داهاتوودا باشتری بکەن، هاوکات بێبەختی لە هێڵی هێرشبەریدا بە یەکێک لە هۆکارەکانی دۆڕانەکە دانا.

راهێنەرەکەی بەرشەلۆنە جەختی کردەوە، نایەوێت وزەی خۆی بۆ قسەکردن لەسەر ناوبژیوان بەفیڕۆ بدات و تەنها سەرنجی لەسەر ئاستی تیپەکەیەتی، داواشی کرد کە ئەم ئەنجامە قبوڵ بکەن و بیر لە یاری داهاتوویان بکەنەوە کە بەرامبەر ریاڵ ئۆڤیدۆیە، بەو پێیەی یانەکە هێشتا بە 49 خاڵ لە پێشەنگی لا لیگان.