پێرێز سورە لەسەر گواستنەوەی ئەستێرەیەکی جیهان

PM:02:45:26/12/2025

516 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید لەسەر داوای پێرێز دەیەوێت گرێبەستێک بۆ گواستنەوەی ڤیتینیا پێشکەش بە پاریس بکات.

فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، چاوەکانی خستووەتە سەر ڤیتینیای ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەی پاریس سان جێرمان، بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی داهاتوودا هێڵی ناوەندی یانە شاهانەکەی پێ بەهێزتر بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، پێرێز لەگەڵ بازنەی نزیک لە خۆی گفتوگۆی دەربارەی گرێبەستەکە کردووە و ڤیتینیا وەک یەکێک لە باشترین چارەسەرەکان دەبینێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی ناوەندی مێرێنگێ.

ئەوەی ئەم گرێبەستەی گەرمتر کردووە، بوونی مەرجێکی سزاییە لە گرێبەستی ئەو یاریزانە پورتوگالییەدا کە بڕەکەی 90 ملیۆن یۆرۆیە، پێرێز لە قسەکانیدا بۆ بەڕێوەبەرانی یانەکە زۆر ڕاشکاو بووە و وتوویەتی: ئەگەر ڤیتینیا بە 90 ملیۆن یۆرۆ بەردەست بێت، ئەوا ڕاستەوخۆ دەیهێنین".

ئەم هەڵوێستە توندەی پێرێز لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەزانێت دانوستاندن لەگەڵ پاریس سان جێرمان مەحاڵە، چونکە یانە فەڕەنسییەکە وەک دوژمنێکی وەرزشی سەیری ڕیال مەدرید دەکات، بۆیە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگارکردنی ڤیتینیا لە باخچەی شازادەکان، پێدانی بڕی مەرجی سزاییەکەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیدارەی پاریس.

ڤیتینیا کە ئێستا بزوێنەری سەرەکی پڕۆژەکەی لویس ئینریکییە و لەم وەرزەدا بە هەشت ئەسیست لە لوتکەی دروستکەرانی گۆڵدایە لە ئەوروپا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڕاهێنەرەکەیدا هەیە، بەڵام پێرێز پشت بە جادووی درێسە سپییەکە و پڕۆژە ناوازەکەی ڕیال دەبەستێت بۆ ڕازیکردنی یاریزانەکە.