بەڕازیل بووە پاڵەوانی کینگز لیگی ساڵی 2026

PM:07:01:20/01/2026

152 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەڕازیل بووە پاڵەوانی مۆندیالی کینگز لیگی ساڵی 2026 و نەیماریش میوانی یاری کۆتایی بوو.

هەڵبژاردەی بەڕازیل بووە پاڵەوانی مۆندیالی کینگز لیگی ساڵی 2026، کە بە بەشداری 20 تیپ لەو وڵاتەدا بەڕێوەچوو و لە کۆتاییدا هەردوو تیپی بەڕازیل و چیلی گەیشتنە یاری کۆتایی.

کینگز لیگ رکابەرییەکی داهێنەرانەی جێرارد پیکێیە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە ئیسپانیاوە دەستی پێکرد و دواتر بە جیهاندا بڵاوبووەوە، ئێستاش دووەم خولی مۆندیالەکەی بە پاڵەوانێتی بەڕازیل کۆتایی هات؛ ئەم یارییە لە فوتساڵ دەچێت بەڵام یاساکانی جیاوازن.

یاری کۆتایی لە یاریگای ئالیانز پارک لە ساوپاولۆ ئەنجامدرا و تێیدا بەڕازیل بە ئەنجامی شەش گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە هەڵبژاردەی چیلی بردەوە کە سوپرایزی ئەم خولە بوو.

بەڕازیل تەنها لە یەکەم یاریدا بەرامبەر ئیسپانیا یەکسان بوو و سەرجەم یارییەکانی تری بردەوە، لە بەرامبەردا چیلی تا یاری کۆتایی هات بەڵام بەرامبەر وڵاتی خانەخوێ تێکشکا.

نێیمار یەکێک بوو لە میوانە تایبەتەکانی یاری کۆتایی کە لە تەواوی خولەکەدا پاڵپشتی سەرەکی تیپی وڵاتەکەی بوو.