ئینزاگی: بردنەوەیەکی گرنگمان بەدەستهێنا

AM:11:31:19/01/2026

80 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینزاگی دوپاتیکردەوە بردنەوەیەکی گرنگیان بەدەستهێناوە و نیگەرانیشی سەبارەت بە گۆڵنەکردنی هێرشبەرەکانی دەربڕی.

سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی هیلال، دوای بردنەوەی تیپەکەی بەرامبەر یانەی نیۆم لە هەفتەی 16ی خولی سعوودی، جەختی کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە لەم کاتەدا بایەخێکی تایبەتی هەیە و پیرۆزبایی لە یاریزانەکانی کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی 20ەمین بردنەوەی لەسەریەک.

ئینزاگی ئاماژەی بەوە کرد کە یانەی نیۆم تیپێکی جیاواز و بەهێز بوون و کارەکەیان بۆ هیلال قورس کردبوو، بەڵام بۆ مانەوە لە پێشەنگی ریزبەندی پێویستە بەردەوام لە پێشکەوتندا بن چونکە هەموو تیپەکان لە هەوڵی ڕاوکردنی ئەواندان.

هەروەها سوپاسی هاندەرانی هیلالی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە شاری تەبووک لێیان کراوە و پشتیوانییەکەیانی بە بەنرخ وەسف کرد.

سەبارەت بە هێڵی هێرشبەریش، وێڕای ستایشی نۆنیز و لیۆناردۆ و مالکۆم، نیگەرانی خۆی دەربڕی کە نەیانتوانیوە گۆڵ تۆمار بکەن، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە یاریزانە نوێیەکانی وەک موراد هوساوی و رەیان دەوسەری لەژێر چاودێریدان بەڵام هێشتا کاتی بەشداریکردنیان دیار نییە.

لە کۆتاییدا ئینزاگی ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە یانەکە بەدوای گواستنەوەی یاریزانێکی بەرگریکاری لای ڕاستدا دەگەڕێت بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی، هەرچەندە ستایشی ئاستی حەمەد یامیشی کرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک لەسەر کڕینی یاریزان بۆ هێڵی هێرشبەری و باڵەکان ئاشکرا بکات.