جامی نەتەوەکانی ئەفریقا... سەنیگال شکستی بە مەغریب هێنا و بووە پاڵەوان

AM:01:01:19/01/2026

328 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا سەنیگال شکستی بە مەغریبی میواندار هێنا و بووە پاڵەوان.

لە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، هەردوو هەڵبژاردەی مەغریب و سەنیگال رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

لە تایمی یەکەم، هەردوولا چەند هێرشێکیان بردە سەر گۆڵی یەکتر، تا رادەیەکیش سەنیگال باشتر بوو، بەڵام هەوڵەکان گۆڵیان لێنەکەوتەوە.

لە تایمی دووەم، سیناریۆیەکی جیاواز بینرا، کوڕانی میوانداری پاڵەوانێتییەکە باشتر دەرکەوتن و چەندین هێرشی یەک لەدوای یەکیان برد، چەند جارێک نزیک بوون لە تۆمارکردنی گۆڵ، لە بەرامبەردا مانی و هاوڕێکانیشی هەلی گۆڵ تۆماکردنیان بۆ درووست بوو بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی.

لە کۆتاییەکانی تایمەکەش لە خولەکی هەشتی کاتی زیادکراو لێدانێکی سزا بۆ مەغریب هەژمارکرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی یاریزانانی سەنیگال یاریگایان بەجێهێشت، پاش چەند خولەکێکیش گەڕانەوە نێو یاریگا، بەڵام برایم دیاز لێدانە سزاکەی بەباشی جێبەجێ نەکرد و نەیتوانی گۆڵی بردنەوە و یەکلاکردنەوەی یارییەکە تۆماربکات.

پاشان پەنا برایە بەر دوو تایمی زیادکراو، تێیدا لە خولەکی 94 پاپی گوێ توانی گۆڵی پێشکەوت و بردنەوەی سەنیگال تۆماربکات و یارییەکەش بەو ئەنجامە مایەوە تا کۆتایی و سەنیگالییەکان بوون بە پاڵەوان.

لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا سەنیگال بە گۆڵێکی بێوەڵام شکستی بە مەغریب هێنا و بووە پاڵەوان.

نوێدەکرێتەوە..