مێسی: ئاستی ناوبژیوانانی خولی ئەمریکا باش نییە

PM:01:45:19/05/2025

408 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مێسی دوپاتیکردەوە ئاستی ناوبژیوانانی خولی ئەمریکا لاوازە و تیپەکەشیان پێویستە یەکگرتوو بن.

پاش شکستهێنانیان بەرامبەر یانەی ئۆرلاندۆ سیتی، لیۆنێل مێسی کاپتنی یانەی ئینتەر میامی وتی: پێم وایە ئەمڕۆ تایمی یەکەممان زۆر باش بوو، هێرشمان برد و هەلمان درووست دەکرد، ئەوان نەیاندەتوانی لە نیوەی یاریگای خۆیان دەربچن و تەنها تۆپی درێژیان دەنارد، وە دواتر دیمەنێکی سەیر روویدا کە یەکێک لە یاریزانەکانیان تۆپەکەی بۆ گۆڵچییەکە فڕێدا و ئەویش گرتی بەڵام هیچ هەڵەیەک لەسەریان تۆمارنەکرا، ناوبژیوان خۆی پێی وتم کە یاساکە نازانێت، دواتریش گۆڵێکیان تۆمارکرد.

باسی لەوەشکرد، ئەو بیانوو ناهێنێتەوە بەڵام لە یارییەکاندا هەڵەی زۆر روون روودەدەن، وەک یارییەکەیان بەرامبەر سان خۆسێ، پێشیوایە دەبێت خولی ئەمریکا زیاتر گرنگی بە لایەنی ناوبژیوان بدەن.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، شکست بە ئازارە بەڵام دەبێت بەردەوام بن و لە چەند یاری داهاتوویان بەباشی بگەڕێنەوە و بە تەواوی خۆیان ئامادە بکەن بۆ جامی جیهانی یانەکان.

وتیشی: ئێستا ئەو کاتەیە کە بەڕاستی ڕوون دەبێتەوە کە ئێمە تیپین یان نا، لە ساتەوەختە سەختەکاندا، چونکە کاتێک هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت ئاسانە، بەڵام کاتێک کاتە سەختەکانی وەک ئێستا دێن، ئەوا پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر یەکگرتوو بین، تیپێکی ڕاستەقینە بین و ئەم دۆخە تێپەڕێنین، پێموایە توانامان هەیە، بۆیە ئێستا بیر لە یاری داهاتوو دەکەینەوە و خۆمان بۆ یارییەکەی بەرامبەر فیلادلفیا ئامادە دەکەین.