رۆناڵدۆ: من باشترین یاریزانی مێژووم

AM:10:44:04/02/2025

584 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆناڵدۆ پێوایە باشترین یاریزانی مێژووە و جەختی لەوەشکردەوە هەمیشە پەیوەندی لەگەڵ میسی باش بووە.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ ئیدۆ ئاگێری رۆژنامەنووسی بەرنامەی ئێل چیرنگینتۆی ئیسپانی كرد و تێیدا باسی چەندین بابەتی كرد.

لە قسەکانیدا رۆناڵدۆ سەبارەت بە وازهێنانی باسی لەوەکرد، گەیشتوەتە باوەڕێک لە ساتدا بژیت و بیر لە ئێستا بکاتەوە نەک داهاتوو، هەفتانە پلانی راهێنان دادەنێت و چێژ لە یاریکردن وەردەگرێت، وە ئەگەر ئێستاش واز لە یاریکردن بهێنێت لە هیچ شتێک پەشیمان نابێت.

سەبارەت بە خولی سعودییەش وتی: كەسێكم هەمیشە ئاڵنگارییەكانم خۆش دەوێت، ژیانم هەمیشە بەوشێوەیە بووە، گۆڕانكاری گەورە نامترسێنێت، بەپێچەوانەوە خۆشم دەوێن، کاتێک بڕیارمدا بێمە سعودیە، چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد خولەکە بەم خێراییە گەشە بکات، بەڵام دەمزانی دوای ساڵێک یان دوو ساڵ خولەکە لە لوتکەدا دەبێت، وەک ئێستا، وە دڵخۆشم لە سعودیە، خۆم و خانەوادەکەم حەز بە ژیانکردن لەم وڵاتە دەکەین، بەڕاستی لێرە ئاسوودەم.

باسی لەوەشکرد، خولی سعودییە لە خولی ئەمریکا بەهێزترە، نەشیشاردەوە چێژی لە یاریکردن لە کامپ نۆ وەردەگرت و هەمیشە دەیویست گۆڵ تۆماربکات، وە پێش چوونیشی بۆ مان یو، بەرشەلۆنە هەوڵی گواستنەوەی داوە.

سەبارەت بە میسیش وتی: لەگەڵ مێسی پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبوو، بیرمە جارێکیان لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتێک، من کاری وەرگێڕانم بۆ لیۆ دەکرد، زۆر هەستێکی خۆش بوو، هەمیشە مامەڵەی مێسی لەگەڵمدا زۆر باش بوو، هیوادارم جارێکی دیکە یەک ببینینەوە، ئەگەرچی کەمێک زەحمەتە.

لەبارەی ریاڵ مەدریدیشەوە جەختی لەوەکردەوە، خۆشترین ساتەکانی لەوێ بەسەربردووە و هەموو کات لە دڵیدایە، کاتێکیش رویشتووە رەفتاری پێرێز باش نەبووە لە گاڵیدا بەڵام دواتر لێی تێگەیشتووە.

وتیشی: بێلینگهام داهاتوویەکی گەورەی هەیە و زیدانم بەبیردەهێنێتەوە، مباپێش دڵخۆشییەکی زۆر بۆ هاندەرانی ریاڵ مەدرید دەهێنێت لە داهاتوودا و پێویستە هەمووان پشتگیری بکەن.

رۆناڵدۆ خەڵاتی باڵۆندۆی بەبێ بەها ناوبرد لە ئێستادا، دوپاتیشیکردەوە گرنگی بە مۆندیال نادات و لە ژیانیشدا راهێنەری زۆر خراپی هەبووە و حەزی بە کاری راهێنەرایەتیش نییە.

لە کۆتایدا لە بارەی خۆیەوە وتی: رەنگە هەندێک کەس پێلێ یان مێسی یان مارادۆنایان لە من پێ باشتر بێت، رێز لە بیروبۆچوونیان دەگرم، بەڵام درۆ دەکەن ئەگەر بڵێن کریستیانۆ یاریزانێکی کامڵ نیە، چونکە من کامڵترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێم.