سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تەنها راگەیاندنی ماوە، ئەگینا دەرگای پەرلەمان داخراوە. دەشڵێت، "بەهۆی ناکۆکی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی خەریکن پەرلەمان پەکدەخەن".
ئەمڕۆ سێشەممە، کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا هەست بە کۆمەڵێک نیشانەی مەترسیدار دەکرێت بەشێک لە یەکێتی و پارتی بەهۆی ناکۆکی سیاسی خۆیانەوە خەریکن پەرلەمان پەکدەخەن.
وتیشی، تەنها راگەیاندنی
ماوە، ئەگینا بە ناراستەوخۆ دەرگای پەرلەمان داخراوە و لە ئێستادا بە سوڕی
متبووندا تێپەڕدەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لە رێکەوتی
٢ی ٣ی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان کۆنەبووەتەوە کە دەبوایە چەندین دانیشتنی ساز بکردایە.
هەربۆیە جەخت دەکەینەوە بە زوترین کات دانیشتن و کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بخرێتە
بەرنامەی کارەوە.
لەبارەی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستانەوە، کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاشکرای کرد، رای
فەرمی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئەوەیە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و بە هیچ بەهانە
و شێوەیەک دوا نەخرێت.
دەشڵێت، "لە ئێستادا
کێشەی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەکمان بۆ هەموارکردنەوەی
یاسای هەڵبژاردنەکان پێشەکەش کردووە و دەمێکە داوامان کردووە کۆمسیۆنی سەربەخۆ
پێکبهێنرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی
رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ١ی ١٠ی ٢٠٢٢ی وەک رۆژی ئەنجامدانی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان
هەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت، بەڵام یەکێتی و پارتی کە سەرۆکایەتی
پەرلەمانیان لەدەستدایە هەنگاوە پێویستەکانی وەک پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی نوێی
سەربەخۆ و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژرادنی نەناوە.