سەردێڕ:

ئۆکرانیا زانیاری نوێ لەبارەی وەزیری بەرگری روسیاوە بڵاودەکاتەوە

PM:06:03:26/03/2022

20060 جار خوێندراوەتەوە

لەدواى دیارنەماى لە راگەیاندنەکان و کۆبوونەوە فەرمییەکانى بەرپرسانی روسیا، راوێژکارى وەزیرى ناوخۆى ئۆکرانیا رایگەیاند، وەزیرى بەرگرى روسیا جەڵتەى دڵ لێی داوە دوای ئەوەی تاوانبارکراوە بە شکستهێنان لە دەستبەسەرداگرتنى ئۆکرانیادا. روسیاش گرتەڤیدیۆیی وەزیری بەرگری بڵاوکردووەتەوە کە سەرکردایەتی کۆبوونەوەی فەرماندە سەربازییەکان دەکات.


ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆن هراشچنکۆ راوێژکارى وەزیرى ناوخۆى ئۆکرانیا رایگەیاند، سێرگی شویگۆ وەزیرى بەرگرى روسیا توشى جەڵتەى دڵ بووە، هەر ئەوەش هۆکارى دیارنەمانییەتى لەماوەى پازدە رۆژى رابردوودا.

لە بڵاوکراوەکەى راوێژکارى وەزیرى ناوخۆى ئۆکرانیادا هاتووە، وەزیرى بەرگرى روسیا لەدواى ئەوە توشى جەڵتەى دڵبووە کە سەرۆکى روسیا ڤلادمیر پۆتین پێى وتوە،" تاوانبارە لەشکستى دواکەوتنی گرتنى ئۆکرانیادا".

لایخۆشیەوە ئەمرۆ شەممە، وەزارەتی بەرگری روسیا گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا وەزیری بەرگری روسیا دەردەکەوێت و سەرکردایەتی کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەکات.

لەو باریەشەوە، کۆشکی کرملن ئەوەی خستەڕوو، " لە ئێستادا کاتەکە گونجاو نیە بۆ هیچ چالاکییەکی میدیای وەزیری بەرگری روسیا."

سێرگی شویگۆ وەزیرى بەرگرى روسیا، تەمەنى ٦٦ ساڵە و بە یەکێک لە وەزیرە خۆشەویستەکانى روسیا دادەنرێت و چەند میدیایەکی رۆژئاوایی پێشبینیان دەکرد جێگیرەوەی ڤلادیمیر پوتین بێت یان سەرکردایەتى کودەتا بکات لەدژی.












گەلەری