سەردێڕ:

کورد بوون لە نێوان شانازی و شەرمەزاری

PM:09:27:28/08/2025
824 جار خوێندراوەتەوە
سامان بەرزە
+ -

کاتێک مرۆڤ لە قەومیەتی خۆی دەفکرێت؛ بە چەندین پێوەر، هەڵسەنگاندن بۆ شانازیکردن بە شوناسی قەومیەتی خۆیەوە دەکات، هەر ئەو پێوەرانەش کاتێک دەبنە هەڵگری خاسیەتە پێچەوانەکانی شانازیکردن، لەو دەمەدا شوناسی قەومیەت بە خاسیەتی خراپ و دوور لە بەها و ڕەوشتە ئینسانییەکانەوە دەبێتە فاکتەری هێنانی شەرمەزاری بۆ هەڵگری شوناسی ئەم نەتەوەیە.

ئاشکرایە هەر نەتەوەیەک لە مێژوودا ناسراوە بە کۆمەڵێک سیفات و هاووڵاتییەکانی پێی دەناسرێنەوە: (کلتور، دابونەریت، ئایین، زمان، فەرهەنگ، ئەدەب و هونەر) شت گەلێکن، کە دەبنە ئاوێنەی ڕوونوێن و دەرخستنی سروشتی هەر میللەتێک، لەپاڵ ئەوانەشدا سیستمی حوکمڕانی و دەسەڵات هەم خۆی یەکێکە لە دیارترین دەرخەرەکانی شوناسی نەتەوەیی و هەم دەرخەر و هەڵسوڕێنەری سەرجەم فاکتەرەکانی ترە و شاشەیەکە بۆ پیشاندانیان بە ناوخۆ و جیهانی دەرەوە.

جا ئەوەی لێرە مەبەستە ئاماژەی پێبکرێت و جەوهەری بابەتەکەیە؛ ئەوەیە ئایا منێک، تۆیەک وەک هاووڵاتییەکی بەڕەگەز کورد ئەم هۆکار و ئامرازانەی، کە باسکران بوونەتە هۆکاری ئەوەی شانازی بە شووناسی کوردبوونی خۆمانەوە بکەین یان بە پێچەوانەوە کوردبوون بووەتە مایەی شەرمەزاریمان؟

هەر کەسێک گوزەرێکی کورت بەناو مێژووی فەرهەنگ و کلتوور و دینداری و ئەدەبی کوردیدا بکات؛ دەبینێت کەڵەپیاوگەلێک ئەسپیان تیادا تاوداوە، کە مرۆڤ هەمیشە حەزدەکات هاوشوناس بێت لەگەڵیان، شانازی بە هاوزمانی و هاوبیرییان دەکات و تێڕامان و دوونیابینی و مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی و خۆشەویستی نیشتمان لای ئەوان لە ئاستێکی هێندە باڵادایە؛ کە مرۆڤ هەردەم حەزدەکات هەوڵبدات پێی بگات.

ئەگەر لە دوونیادا چەند میلەت و نەتەوەیەکی کەم، کورد وتەنی بە هێندەی ژمارەی پەنجەکانی دەست هەبن، کە شانازی بە خۆڕاگری و بەرخۆدان بکەن لە پێناو سەربەخۆیی نیشتمان و ئازادیی خاک و خەڵەک لە مێژوودا؛ بە بێگومان نەتەوەی کورد یەکێکە لەوانەی هەمیشە و بەدرێژایی ڕێکردنی ڕەوڕەوەی مێژوو، میللەتێکی بەرگریکار بووە لە ماف و خاک و گەلەکەی و هەرگیز داگیرکار نەبووە، هەرگیزیش چۆکی دانەداوە بەرانبەر داگیرکاران.

تا ئێرە ئەمە مێژوی گەلێکە بەناوی کورد، کە پێش ٣٥ ساڵ لەمەوبەر هەموو تاکێک شانازی بە شوناسەکەیەوە دەکرد، بەڵام بەداخەوە پێش ٣٥ ساڵ لەمەوبەر و دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی هەردوو حزبی یەکێتی و پارتی، یاخود ڕاسترە بڵێین هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، کە بەرمەبنای ماندووبوون و تێکۆشان و خوێنڕشتنی دەیان و سەدان ڕۆڵەی بەجەرگ و قارەمانی گەلەکەمان هاتنە سەر حوکم و بەروبوومی شۆڕش و بەرخۆدانی دەیان ساڵەی گەلەکەمانیان گرتە دەست؛ لەوێوە و هیواش هێواش بە بەرنامە و لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات و پڕکردنی گیرفانی خۆیان و نەوەکانیان، دەستیان کرد بە پێچەوانەکردنەوەی هەموو ئەو هۆکارگەلانەی، کە مرۆڤ دەیانکاتە شانازییەک بۆ شوناسی کوردبوونی خۆی.

دەستیان خستە ناو فەرهەنگ و کلتووری کوردیی؛ بەجۆرێک دایانماڵیوە لە خاسیەت و بنەما خۆڕسکەکەی خۆی، کە ئەستەمە بۆ تاکێک، کە ئێستا لە پایتەختی کوردستان دەژیت، بیناسێتەوە!

ئەدەب و هونەریان کردووەتە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی بێڕەوشتی، لە هەمانکاتدا وەک ئامرازێک بەکاریدەهێنن بۆ بازرگانییەکانیان و سپیکردنەوەی ئەو پارانەی بە ڕێگەی نایاسایی بەدەستیدەهێنن و لە قوڕگی خەڵک دەریدێنن و دەیدزن.

تەنانەت دەستیان خستووەتە ناو ئایینەوە و بەجۆرێک پیاوی ئایینییان ناشیرین کردووە، کە لەگەڵ ئەوانەی ڕابردوو جیاوازییەکەیان ئاسمان و ڕێسمانە.

لە هەموو ئەوانە گەورەتر؛ چاندنی تۆوی خۆخۆری و شەڕی براکوژییە؛ کە بووەتە فەرهەنگیک بۆ سەرەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە، چی لەنێوان ئەویان لەگەڵ ئەوەی تریان بێت یاخود خۆبەخۆ لەنێوان خۆیان و هەموو ئەو ئەندامانەیان بێت، کە بەشێکن لە مێژووی خۆیان، بەڵام ئێستا بیانەوێت کەمێک دەربکەون و سەرهەڵبدەن.

بەرنامەی سیاسی ئەم جووت بنەماڵە، لە سەرەتای دروستبوونیانەوە لەپێناو پێگە و گیرفانی خۆیان بووە، تەنانەت لە سەردەمی شاخیش، بەڵام لێکەوتە و دەرکەوتەکانی زیاتر لەدوای هاتنەوەیان بۆ شار و بوون بە دەسەڵاتداری کوردستانی باشوور دەرکەوتووە؛لەگەڵ تێپەڕینی هەر ڕۆژێک لە حوکمڕانییان، زیاتر و زۆرتر مەرامە گڵاوەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی خۆیان و داڕمانی کۆمەڵگە لە ڕووی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بەیان بووە.

ئەمڕۆ حاڵی تاکی کورد بەدەست ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەوە بەجۆرێکە، کە هەموومان بە ڕۆژی ڕوون ڕوداوەکان دەبینین و شەرمنانە گوزارشت لە شوناسی خۆمان وەک کورد دەکەین.

ئەوان لە ئەزەلەوە کار لەسەر دروستکردنی تاکێکی بێمتمانە و ئینتیما دەکەن، تاکێک کە تەنها بزانێت بڵێت بەڵێ و هەمیشە بێدەنگ و ڕەزامەندبێت بە هەر بارودۆخێک، کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەوەتا بەشێکمان بێدەنگ و ڕازی، بەشێکمان ماستاوچی و کۆیلە، بەشێکیشمان هەڵاتوو و دەربەدەر، بووینەتە هەڵگری ئەو پێناسەی ئەوان پێیانبەخشیوین، بەبێ ئەوەی ویستی خۆمانی لەسەر بێت.

ئەو بەشەش کە دەمێنێتەوە، شوێنکەوتەی ئەوانن و بوونەتە دەست و پێ و شمشێر بۆیان. من تا ئێستاش نازانم پێناسەکەیان چییە و بەچی عەقڵیەتێکی مرۆڤبوونەوە دەتوانن بەم جۆرە هەناسە بدەن؟

دەکرێت لێرەوە ئەوەش بڵێین، لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش لە سلێمانی، بە بێگومان بەدەستی ئەنقەست و بە پیلان، هەموو ڕووداوە دڵهەژێن و کارەساتبارەکان خزێنراونەتە ئەو شارەوە و هەموو ڕۆژێک وا لە دانیشتووانەکانی دەکرێت، کە شەرم لە کوردبوونی خۆیان بکەن، ئاخر ئەو پارچە هۆزانەی پەشێو بەسە، کە شەرم لەوە بکەین ئەوانەی بەناوی کوردایەتییەوە تاڵانچێتی و چەتەگەری و هەرچی کاری بێڕەوشتی تا نزیک بە کاری تیرۆرستی ئەنجامدەدەن، بەکورد ناویان ببەین، (پەشێو) دەڵێت:

"ئەمڕۆ ڕۆژی شیعر نییە

بۆیە، من بۆتان دێمە گۆ

بە زمانێکی یەکجار سادە

پێتان دەڵێم:

ئەوەی کورد بێ و کوردێک بکوژێ،

زۆڵە، تەرەسە، گەوادە"!

لەژێر ڕۆشنایی ئەم تێکستەی پەشێودا؛ دەکرێت بڵێین ئەگەر کوردبوون و کوردایەتی، لەچاوی ئەوانەوە ببینرێت؛ ئەوا کوردبوون دەبێتە شەرم و نەنگییەکی ئەبەدی بۆ ئەوانەی کە خۆیان بە بەشێک لە ئەوان نازانن، چونکە ڕونە وشەی (زۆڵ) ناوی باوکیشی لە مرۆڤ دەستێنێتەوە نەک نەتەوەکەی کە بەڕاستی بەم جۆرە هەڕاجکردن و بێ بەهابوونی خوێنی کورد لای ئەوان بەدەستی کورد وای لێکردون کە ووشەی زۆڵ پڕ بە پێست و بەریان بێت.

گەلەری