سەردێڕ:

بۆ جاری چوارەم نرخی بەنزین بەرزبووەوە

PM:02:18:11/03/2022

13632 جار خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی بەنزین بەردەوام لە بەرزبوونەوەدابووە و ئەمڕۆش بۆ جاری چوارەم بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.


ئەمڕۆ هەینی، گۆران لوقمان پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، ئەمرۆ جارێکی دیکە نرخی بەنزین لە وێستگەکانی سوتەمەنی بەرزبووەوە و بۆ هەر لیترێک بەنزین نرخەکەی ٢٥ دینار بەرزبووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا نرخی بەنزین بەشێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستان بەم شێوازە بەرزبووەتەوە:

لیترێک بەنزینی سوپەر هەزار و ٣٠٠ دینارە

لیترێک بەنزینی موحەسەن هەزار و ١٧٥ دینارە.

لیترێک بەنزینی نۆرماڵ هەزار و ٢٥ دینارە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەشێوەی پلەبەندی حکومەتی هەرێم دەستی کرد بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و بەهۆیەوە لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی ٣ی ٢٠٢٢ بەشێک لە شۆفێرانی تەکسی لە سلێمانی دژی گرانی نرخی بەنزین لە ناوبازاڕەوە دەستیان بە خۆپیشداندان کرد.

هەروەها، لەهەولێریش هاوڵاتییان و شۆفێران نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.

هاوڵاتیانیش باس لەوەدەکەن، نرخی بەنزین هێندە گرانە توانای پڕکردنەوەی تانکییەکانیان نییە، لەکاتێکدا، لە کەرکوک و شارەکانی دیکەی عێراق بە گرانبوونی نرخی نەوتیشەوە هێشتا بەنزین لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٦٠٠ دیناردایە و نەبووەتە بارگرانی بۆ هاوڵاتیان.













گەلەری