سەردێڕ:

خۆپیشاندان و بواری ئازادی كۆمەڵگا

PM:02:09:03/02/2025
520 جار خوێندراوەتەوە
کـەمـال محەمەد
+ -

ئاشكرایە سیاسەت چەندین بواری بەرفراوان ئەگرێتەوەو وەكو بواری ئازادی كۆمەڵگاش هەڵدەسەنگێنرێت، ئەم بوارە ئازادییەش كۆمەڵگا و گۆڕەپانێكی داهێنەرییانەیە كە تیایدا ئیرادە و پێشكەوتنی كۆمەڵگا بەرهەم دەهێنێت و ئەشێ وەكو هۆكارێك بێت بۆ پێناسەكردنی باشترین كۆمەڵگاش و هاوكات لە پاڕادیمی نوێشدا ئەتوانین بە راست پێناسەكردنی بگەین، بۆیە هەر كۆمەڵگایەك پێكهاتەیەكی ئاخلاقییە و ئەمیش سیاسییە كە بێ ئەم دوانە ناتوانرێ بناسرێتەوە، بۆیە دەكرێ پەیوەندی سیاسەت بە ئازادییەوە دروست بكرێ، گەر لە چوارچێوەی سیاسەت و ئازادی بكۆڵینەوە دەردەكەوێ كە بێ بەش نەبون لە سیاسەت و دۆزینەوەی بەكەڵكترین كاربۆ كۆمەڵگایەك واتە كردنەوەی بوارێكی ئازادی ،چون بەشداری لە كایەی سیاسەت بوارە بۆ خودی ئازادی و فرە كۆمەڵگای دیموكراتیك، كەواتە هەریەكە ڕێكخراو ڕێكخستنە خۆپیشاندانییەكان كۆمەڵێكن بۆیە گرنگە بەگرنگییەوە پشتیان بگیرێت چون بنیادنانی حەقیقەت بە بونیادنانی ئەم كۆمەڵانەوە دەست پێ ئەكات ،ئەوەی زیاتر پێویستە تێگەی لێ وەرگرین ئەوەیە كە ئەم جۆرە لە خۆپیشاندانە بكەینە گۆڕەپانی سیاسەت و كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی دەرەنجام سیاسەت و كۆمەڵایەتی بونیش هاوسروشت بكرێن چونكە سیاسەت تایبەتمەندی كاراكتەرئاسای بە كۆمەڵایەتیبونەو لێی جیا نابێتەوە.

خۆپیشاندان بۆ ئێمە بایەخێكی گەورەی هەیە دەكرێ بكرێتە شوێنگەی كۆمەڵایەتیبون و بەرەو ئازادی كۆمەڵگاش ناودێر بكرێت ،بۆیە پرەنسیبی زیاترگەڕان بەدوای ماف مرۆڤ پەیوەندیدار دەكات و بەكاریگەرترە ئەیسەلمێنێ كە ئەم خاكە هی كۆمەڵگایەكە كە لە كۆمەڵانێكی بێ ژمار پێك دێت ، خۆپیشاندانی ئێستای مامۆستاو خەڵكانی ئەم هەرێمە هەڵقوڵاوی ئەو هزرە قوڵەیە لەمەڕ راستییەكانی ژیانیان هەیانە یاخود ئەو ڕاوەستەیە بەرەو قوڵایی ژینۆسایدی ژیانیان ئەبات ،بۆیە خۆپیشاندانی ئێستای ئەم توێژانە ڕەخنەو بڵندكردنەوەیەو ئامانج لێی بڵندكردنی دەنگی هەموانە ئامانج لێی ڕزگاری ئێمەیە لە قەزەمیبون بەرامبەر دەسەڵاتێك كە ساڵانێكە بەعەقڵیدا نەهاتوە تێبگات كە ئامانج و گەل خاوەن بایەخە!

ئەوەی بەرەو دواوە ڕاكێشانمان دەكات بەرتەسكردنەوەی بواری ئازادییە بۆئەوەی هەرگیز نەگەین بە دۆخی نامۆ بوون و لەوە بیانی مان بكات كە ساڵانێكە تێیداین ،بێگومان گەشتن بە ئازادی لەوێدا مسۆگەر گەورەبونێك هەیە و هەمیشە هەڵوێستی خۆرەخنەگری بە بنەما ئەگرێ كە ڕەنگە یەكێك لە رەخنەكان لەبەرچاونەگرتنی بێت لە دابڕان لە ئازادییەكان و خۆخەڵەتاندنی بێت ،كەسی خۆخەڵەتێنیش بێ گومان بۆ كۆمەڵگای خەڵەتێنراو لەبارە.

هەر خۆپیشاندان و پاڵپشتییەك بۆ ڕەخنەو ڕەخنەكان لە گەندەڵكاران و دادگایی كردنیان ماتەوزەی گەشەسەندن و پێشكەوتنێكی ئیرادەو ئازادی ئێمەیە بۆ تێپەڕینی ئەو دۆخە نەرێنییە ڕیزكراوانەی كە دەسەڵاتی كوردی دایناوە.

خۆپیشاندان و بواری ئازادی بۆ هاتنە دەرەوەیە لە دۆخی گێژاو و ناساندنی ژیان بۆ ئەوەی ئۆبژەی تاك ڕەوی دەسەڵات و ئۆبژەی كۆیلایەتیبون سەردەنەكات، خۆ خستنە بەر لێپرسینەوەو بەرپرسیارێتی كەسێتیش كاتێك خۆی بنیاد نا كومەڵگایەكی ئازادیش بەرهەم دێت، كاتێك ئازادیش بەرهەم هات ئیدی نیشتمان بەتەنها نامێنێتەوە بۆ بندەست و چینە بندەستەكانی دەسەڵات و ئەتوانی ببیتە ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی ئیمپریالیزمی دەسەڵات و لەڕێی هەڵسوكەوت بڕوامەندانەییەوە هەموو دەرگایەكی ڕاست و جوان و دادپەروەری بۆ خۆی و گەلەكەی بەدەست بهێنێت و یەكسانی و ڕێزداربون لەبەرامبەر هاوڵاتیبوون و شیاوی و ڕەنج وەربگرێت ئازادیش خودی ئەمەیە بەڵام باوەڕی بە تەنها بەس نییە پێویستە ئاگایی و كرداریشی لەسەر زیاد بكرێت.

دوای ساڵانێك لە حكومڕانی ئاشكرایەو هەمو شتێك یەكلایەكە ژیانی پێدراو ژیان نییە ، بە بەرنامە كارپێكردنی بێ دەنگیش زیاتر دۆخەكە و ئاییندەش بەرەو لێگەڕین بردوەو و بەهاو نرخێكی نەهێشتۆتەوە بۆ هاوڵاتیان بگەنە ئەوەی كە وەكو گەلێك بیسەلمێنێت كە ئێمە زیندوین و لە خاڵە لاوازەكانەوە بێنە مەیدان و بەهێز بوون دەست پێ بكەن ،بۆیە هەر جۆرە مانگرتن و دەنگ بەرزكردنەوەیە بۆ ئازادی واتە گشتگیری بونی فیكری و تەوژمی هزرە كە بە خێراییەكی باش ئەتوانرێ بەرەو میلیتانێتی بەهاداری ئازادی هەنگاو بنێت وگەلێكی بەرخۆدێریش بخوڵقێنێت .

گەلەری