سەردێڕ:

خوێندکارە کوردەکانی ئۆکرانیا داوای بەهاناچوون دەکەن

AM:08:28:28/02/2022

7072 جار خوێندراوەتەوە

خوێندکارێکی کورد لە ئۆکرانیان رایگەیاند، تا ئێستا خوێندکارێکی کورد گیانیلەدەستداوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە، ئەوان لە دۆخێکی خراپدا دەژین و دۆخی ئۆکرانیا زۆر ئاڵۆزە و پێویستییان بەوەیە بەهانایانەوە بچن. دەشڵێت، "باڵیۆزخانەی عێراق پێی وتوون خۆتان لە سوچێکدا بشارنەوە ئەوان هیچییان پێناکرێت."


ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی ئەمریکا دەقی لێدوانی ئارا حاجی عەبدوڵا خوێندکاری کورد لە ئۆکرانیای بڵاوکردەوە کە لەڕیگەی نامەی دەنگییەوە وەڵامی پرسیارەکانی داونەتەوە و تیایدا وتوویەتی، "لەم دۆخەدا هاوڵاتییانی کورد بۆ هاوکاری پەیوەندیان کرد بە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئۆکرانیا بەڵام کوردەکانی باڵیۆزخانە پێییان وتین لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، دۆخی هاوڵاتییانی کورد و عێراقی و خوێندکارەکان، دۆخی خودی ئۆکرانیـیەکان و بیانییەکان لە دۆخێکی خراپدان، چونکە گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە، سوپای ئۆکرانیا شەڕی پارتیزانی دەکات زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ سەربازی روسی کوشتووە، جگە لە زیانەکان بە فڕۆکە و تانکەکانیان گەیشتووە.

دەشڵێت، "حاڵی خوێندکارە کوردەکانی ئۆکرانیاش خراپە چونکە ئەوەی توانیویەتی ڕۆیشتووە بەرەو سنوورەکان یان پەڕیوەتەوە وڵاتانی تر، من ئێستا لە سنووری پۆڵەنداوە قسەتان لەگەڵ دەکەم سەرمایەکی زۆر بەهێز هەیە. "

سەبارەت بەوەی ئایا حکومەتی عێراقی و هەرێم هیچیان کردووە بۆ پاراستنی هاوڵاتییەکانیان؟ ئارا حاجی عەبدوڵا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێم لە گەنجەکانی خۆمان بێزارن دەیانەوێت لە ئاوی ئیجەدا بخنکێن، چاوەڕێی ئەوە نین ئەوانەی هاتوون بۆ ئۆکرانیا زانست فێربن و بڕوانامەی بەرز بەدەست بهێنن هەتا هیچمان بۆ بکەن، هیچ هیچییان نەکردووە بۆمان. "

لەبارەی ئەوەی بۆچی پێش جەنگ ئۆکرانیایان بەجێنەهێشتووە، ئارا حاجی عەبدوڵا وتی، لێرە ژیان ئاسایی بوو، دەوام هەبوو ڕۆژێک پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە زانکۆکان هەبوون ، ژیان ئاسایی بوو، ئەو دەنگۆیانەی هەڵگیرسانی جەنگیش وەک پڕوپاگەندەیەک سەیر دەکران کە بەردەوام ئەو گرفتە لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا هەبووە، ئەوەی پێشتر فریا کەتووە بە ڕێگای فڕۆکە گەڕاوەتەوە، ئەوەشی فریا نەکەوتووە ئیتر دەسەڵات نیـیە.

لەبارەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هیچ خویندکارێکی کوردبەهۆکاری جەنگەکەوە، ئارا حاجی عەبدوڵا ئاشکرای کرد، "ئەوەندەی تا ئێستا ئاگاداربم خوێندکارێکی کورد گیانیلەدەستداوە و خوێندکارێکی دیکەش قاچی لەدەستداوە کە هەردووکیان خەڵکی هەرێمن."

لەبارەی شێوازی گوزەرانیان باسی لەوەشکرد، ێرە کۆمەڵێک ڕێکخراوی خێرخوازی هەن کە خۆراک دەهێنن بۆ خەڵکەکە، وە خەڵکی گوندەکانیش هەر خۆراک دەهێنن، سندوقێک دانراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری ماددی بۆ سەربازانی ئۆکرانی بەو شێوەیە خوێندکارانی کورد دەتوانن خۆراک پەیدا بکەن یان شتێکی کەمی لەگەڵ خۆی هێنابێت یاخود کڕیبێت لەوە زیاتر نیـیە.

هەروەها، لەبارەی بانگەوازەکەی باڵیۆزخانەی عێراق و ئەو راگەیەنراوەی حکومەتی هەرێم بۆ کوردانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە کە چییان بۆکراوە، ئارا حاجی عەبدوڵا رایگەیاند، "لە سەرەتای گرژییەکان د. دانەر نوێنەری حکومەتی هەرێم پەیوەندی پێوە کردین، هەندێک بەرچاو ڕوونی پێداین تەنها ئەوەندە بووە هەتا شەڕەکە دەستپێکرد هیچ لایەنێکی تر پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردووە تەنانەت چەند خوێندکارێک پەیوەندییان بە کونسڵخانەی عێراقیەوە کردووە هەر کوردەکانی خۆمان بەو دەقە جوابیان داونەتەوە، کە لە سوچێک خۆتان بشارنەوە هیچمان پێناکرێت، ئەوە وەڵامی کونسڵی عێراقی بووە بۆ کوردانی ئۆکرانیا. "

وتیشی، "مانەوە لە ناو ئۆکرانیا موجازەفەیەکی گەورەیە بە ژیانی خۆتەوە، ئەوەی کە ماوەتەوە بەداخەوە خەڵکێکی زۆر گیانی لە دەستداوە، خەڵکێکی زۆریش ماڵەکانیان جێهێشتووە پەنایان بردۆتە بەر سنوورەکان بۆ ئەوەی بۆ شوێنێکی سەلامەت بپەڕنەوە، هەر لەم سنوورەی منی لێم نزیکەی نیو ملیۆن کەسی لێیە، جگە لە سنوورەکانی تری ڕۆمانیا و سلۆڤاکیا و دەروازە سنوورییەکانی تر کە خەڵک پەنای بۆ بردوون. "

لە بەرامبەردا، رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و رەوەندى کوردستانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، "بۆ ئەوەی وەک لیژنەکەمان چیمان بۆ کردوون، تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەکەم هیچ هاووڵاتیەکی کورد لە هیچ توێژێکی دانیشتووی ئۆکرانیا پەیوەندی پێوە نەکردوین هەتا بتوانین بە رێگایەک لە رێگاکان هاوکارییان بکەین".

دەشڵێت، "من خۆم لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هەوڵم دا کە ڕێگای پەیوەندیکردنی ئەو کەسانەم دەستبکەوێت کە هاووڵاتی ئێمەن لە ناو ئۆکرانیان، گەڕام تەنانەت لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وە هەم لە رێگای دامودەزگاکانی خۆمان هەوڵم دا پەیوەندیمان پێوە بکەن بەداخەوە دەستم‌نەکەوتن و بێ ئەنجام بوون، ئومێد دەکەم لە رێگای ئەم دەنگەمەوە لە دەنگی ئەمەریکا پەیامی من بگات کە کەسێک هەبێت لە ئۆکرانیا نوێنەرایەتی خەڵکی ئێمە بکات لەوێ یان تەنانەت لەسەر ئاستی تاکیش بێت پەیوەندیمان پێوە بکەن تا ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆیان بکەن".

رێبوار بابکەیی ئەوەشی خستەڕوو، "ئاستەنگێک هەیە ئەویش ئەوەیە حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا نوێنەرایەتی نیـیە لەناو ئۆکرانیا، بەڵکو ئەوەی هەیە لەناو پۆڵۆنیا نوێنەرایەتی هەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت هیوادارین هاوڵاتیانی ئێمە لە رێگای ئەم پەیامەوە پەیوەندی بە ئێمەوە بکەن تا بتوانین لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی کارێک بۆ هاووڵاتیانی خۆمان بکرێت هەرچی لە توانادا بوو بۆ پاراستن و دورخستنەوەیان لە شوێنی مەترسیدار."

لەبارەی ئەوەی کوردانی ئۆکرانیا چۆن دەتوانن داوای هاوکاری لە حکومەتی هەرێم بکەن، رێبوار بابکەیی سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و رەوەندى کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکرد، " زۆر بەداخەوە ئەم قسانەی ئێستا دەیکەین لە کاتێکدایە کە جەنگ گەیشتۆتە ترۆپک و مەترسییەکان هێدی هێدی زیاتر دەبن لەسەر هاوڵاتییانی ئۆکرانیا و هاوڵاتییانی ئێمەش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا موستەحیل نیـیە کە ئەو هاوڵاتییە کوردانە نزیک بکرێنەوە لە سنوورەکانی لیتوانیا و وڵاتانی سنووری بە تایبەت پۆڵەندا کە نوێنەرایەتی ئێمە لەوێ هەیە، یان لە رێی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ئەوەندەی بوار مابێت بتوانرێت فڕۆکە بۆ ئەو خوێندکار و هاوڵاتیانەی ئێمە دابین بکرێت جا چ لەناو کیێڤ یاخود لەسەر سنوورەکان، بەڵام دەبێت ئامانجی سەرەکی پاراستنی ئاسایشی ئەو هاوڵاتیانە ئامانجی سەرەکییان بێت."

لەبارەی ژمارەی ئەو خوێندکارە کوردانەی لە ئۆکرانیا دەخوێنن رێبوار بابکەیی وتی، "ژمارەی خویندکاران دەبێت لای وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم هەبێت، ژمارەی هاوڵاتییانی تریش رەنگە لە فڕۆکەخانەکان هەبن، بەڵام ئێمە ئامارێکی وردمان لەبەردەست نیـیە، ئەوەی هەیە دەزانین بە سەدان خوێندکاری کورد لە ئۆکرانیا دەخوێنن و لەوێن لە ئێستادا، بەڵام هاوڵاتییانی تر ئامارەکانیان نازانین."













گەلەری