سەردێڕ:

پایز دەستیپێکرد؛ جیاوازی دەستپێکی پایزی کەشناسی و فەلەکی چییە؟

PM:05:01:01/09/2025

3164 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلوول، وەرزی هاوینی گەرم کۆتایی پێدێت و سروشت خۆی بۆ وەرزی پاییز ئامادە دەکات، بەڵام دوو رێگەی جیاواز هەیە بۆ دیاریکردنی دەستپێکی ئەم وەرزە نوێیە، رۆژژمێری کەشناسی و رۆژژمێری فەلەکی، کە هەریەکەیان کات و بنەمای خۆی هەیە.


ئەمڕۆ دووشەممە ١ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستپێکی وەرزی هاوین لە ١ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک لەسەر نیوەگۆی باکوور، بەتایبەت هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەستپێدەکات تا ١ـی ئەیلول، درێژە دەکێشێت، دەستپێکی وەرزی پاییز بە پێی رۆژژمێری کەشناسی لە ١ـی ئەیلوول، دەستپێدەکات.

جیاوازی نێوان دەستپێکی پاییزی کەشناسی و فەلەکی چییە؟

پاییزی کەشناسی: سادە و جێگیر

بەپێی رۆژژمێری کەشناسی، کە زۆربەی پسپۆڕانی کەشوهەوا و ناوەندەکانی پێشبینی بەکاری دەهێنن، وەرزەکان بە شێوەیەکی سادە دابەشکراون، هاوین لە ١ـی حوزەیران دەست پێدەکات و لە ٣١ـی ئاب کۆتایی دێت، بەپێی ئەوەش وەرزی پایز لە١ـی ئەیلوولدەست پێدەکات و تا ٣٠ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، ئەم دابەشکردنە ئاسانکاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی ئامار و بەراوردکردنی داتاکانی کەشوهەوا لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر.

پاییزی فەلەکی: بەپێی سوڕانەوەی زەوی

بەڵام لە رووی فەلەکییەوە، دەستپێکی وەرزەکان پەیوەستە بە خولگە و سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا، وەرزی پایز لە نیوەگۆی باکووری زەوی لەکاتی هاوسەنگبوونی پاییزی (Autumnal Equinox)دەست پێدەکات، کە ئەمساڵ دەکەوێتە٢٢ یان ٢٣ـی ئەیلوول.

لەم رۆژەدا، ماوەی شەو و رۆژ لەسەر هەردوو نیوەگۆی باکوور و باشووری زەوی نزیکەی یەکسان دەبێت دوای ئەم بەروارە، لە نیوەگۆی باکوور رۆژەکان کورتتر و شەوەکان درێژتر دەبنەوە، ئەمەش نیشانەی رەسمی هاتنی پایزە.

گۆڕانکارییەکانی چاوەڕوانکراوی کەشوهەوا

لەگەڵ هاتنی پاییز، چەندین گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدەن. پلەکانی گەرما، بەتایبەتی لە شەواندا، وردە وردە نزم دەبنەوە. جیاوازیی نێوان پلەی گەرمای شەو و رۆژ زیاتر دەبێت هەروەها، شێ لە هەوادا زیاد دەکات و ئەگەری دروستبوونی هەور و بارانبارین پلە بە پلە زیاتر دەبێت، تاوەکوو بەرەو وەرزی سەرما و دابارین دەڕۆین.













گەلەری