ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ رایگەیاند، هیچ حکومەتێک بەهێز نییە جگە لەو حکومەتەی خەڵک پاڵپشتی بکات، دەشڵێت، "نەوت بە ٣٠ دۆلار بێت یان بە ٨٠ دۆلار وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەمان داهات دەدات بە وەزارەتی دارایی."
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە کۆڕبەندی سەنتەری نالیا بۆ سیاسەتە گشتییەکان رایگەیاند، "کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵک زیاتر دەبێت و گروپێکی بچوک لە هەرێمدا ژیانێکی شاهانە دەژین."
باسی لەوەشکردووە، "خەڵک دەڵێت حکومەت چی بۆ من دەکات و چی بۆ منداڵی
بەرپرسەکان دەکات"، دەشڵێت، "هیچ حکومەتێک بەهێز نییە جگە لەو حکومەتەی
خەڵک پاڵپشتی بکات."
وتووشییەتی، "پارتی و یەکێتی دەست دەخەنە ناو دەستی هەموو کەسێک
تاوەکو پاڵپشتی لە کاندیدەکەیان بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار."
عومەر گوڵپی لە درێژەی قسەکانیدا دەشپرسێت، "دۆسیەی
نەوتی هەرێم ئێمەی بە کوێ گەیاند تاوەکو ئێمە ئێستا غازیش بفرۆشین؟"
راشیگەیاندووە، "١٤ ساڵە لە هەرێم یاسای نەوت و غاز جێبەجێ نەکراوە،
ئیتر نازانین کەی جێبەجێ دەکرێت، لەکاتێکدا دەبێت هەموومان ئاگاداری دۆلار بە
دۆلاری داهات بین."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "نەوت بە ٣٠ دۆلار بێت یان بە ٨٠ دۆلار وەزارەتی
سامانە سروشتییەکان هەمان داهات دەدات بە وەزارەتی دارایی"، دەشڵێت، "دەکرێت
بەغدا وەک دەرفەت بۆ خۆشگوزەرانی بەکاربهێنین."
دەشڵێت، "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رێگەی بە چاودێری دارایی نەداوە
کە وردبینی بۆ داهاتەکانی بکات، هاوکات، داهاتی ناوخۆش دیارنییە و دەروازە سنوورییەکان
ئامادە نین کە داهاتەکانیان ئاشکرابکەن."