سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران راگەیاند، لە بەرامبەردا موحسین رەزایی ئەمينداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداریدا، کە تاران رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی دەباتە قۆناغێکی نوێوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا جەختیکردەوە، هێرشەکەی شەوی رابردوویان توند بووە و توانای چەک و مووشەکەکانی ئێرانیان تێکشکاندووە، دەشڵێت، تاران رێگەی پێنادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە بەرامبەریشدا، موحسین رەزایی ئەمينداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هەڕەشەی جێبەجێکردنی ستراتیژێکی نوێی جەنگی کرد، کە بە وتەی ئەو دەبێتە هۆی لەرزاندنی کۆڵەکەکانی ئەمریکا و وێرانکردنیان.
ترەمپ
رایشیگەیاند، هێزەکانیان بەردەوامن لە تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئێران و وتی: ئامادەن
لە هەر کاتێکدا بیانەوێت هێرشی دیکەش ئەنجامبدەنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران
هەوڵی دروستکردنی موشەکێکی دەدا بۆ بڵاوکردنەوەی مین لە ناوچەکە، بەڵام توانرا بە
تەواوی تێکبشێندرێت.
لەبارەی
گەرووی هورمز و کەرتی ئابووریشەوە، وتی، رۆژانە بەبێ ئاستەنگی گەورە ملیۆنان
بەرمیل نەوت لە رێگەی کەشتییەکانەوە بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕێنرێن و
هێزەکانیان کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان کردووە، رایشیگەیاند، درێژەدان بەم کەمپینە
سەربازییە لەسەر ئێران زۆر درێژە ناکێشێت و بنەمای سەرەکیی هەڵوێستی ئەمریکاش رێگریکردنە
لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە
لایەکی دیکەوە و وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بڕیار و هێرشەکانی ئەمریکا، موحسین رەزایی،
هەڕەشەی توندی ئاڕاستەی ئیدارەی واشنتن کرد و رایگەیاند، ئەو پەلامارانەی ئەمریکا رێگەیان
پێنادات لەو قەیرانە رزگاریان ببێت کە بۆ خۆیان دروستیان کردووە.
وتیشی،
بەم زووانە دەبینن کە ستراتیژییە نوێیەکەی ئێران لە مەیدانی جەنگ و دیبلۆماسی و رووبەڕووبوونەوەی
گەمارۆی ئابووریدا کۆڵەکەکانی ئەمریکا دەلەرزێنێت و رووبەڕووی وێرانکارییان
دەکاتەوە.