سەردێڕ:

پرۆژەی گۆڕینی دینار و لابردنی سێ سفر

AM:12:12:03/09/2026
164 جار خوێندراوەتەوە
نەرمین مەعروف
+ -

بەشی چوارەم: پاڵنەر و پاساوەکان یان سوودە چاوەڕوانکراوەکان

 

ئەگەرچی پرۆسەی لابردنی سفرەکانی دینار وەک لە بەشەکانی پێشوودا روونمکردۆتەوە تەنها رێکارێکی چاکسازی دارایی و ژمێریارییە بۆ کەمکردنەوەی قەبارە و ژمارەی ئامرازی ئاڵوگۆڕکردن و پێوانەکردنی بەها ئابورییەکان بە دینار، هیچ گۆڕانکارییەک ناکات لە هێزی کڕینی دینار یان سەروەت و سامانی هاوڵاتیان، بەڵام بەگسشتی دیارترین هۆکار و پاساوەکان بۆ ئەم پرۆسەیە لە هەمان کاتدا ئەو سوودانەی چاوەڕواندەکرێت بەدیبێت بریتیین لە:

 

١-کەمکردنەوەی خەرجی و تێچووی چاپکردنی پارە لەسەر بانکی ناوەندی، و دەستەبەرکردنی خەسڵەت و سیفەتی باشتر بۆ دراوی نیشتمانی لەڕووی قەبارە ،کێش مۆدێل ،سکیورتی ، خەرجی گواستنەوە و هەڵگرتن و پاراستنی پارەکە.

 

٢- کەمکردنەوەی بڕ و قەبارەی پارەی پێویست بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانی ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتن لە بازاڕ و ئاسانکاری بە زمانی ژمارەکان.

 

٣- ئاسانکردنی کردارە دارایی و ژمێریارییەکان و بچوکردنەوەی ژمارەکان لە راپۆرت و تۆمارە داراییەکان لە بانک، ناوەندە بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان، بودجەی گشتی، هاوکات کەمکردنەوەی هەڵەکردن لە ئەژمارەکان و ئەرکی ووردبینی تۆمارە داراییەکان.

 

٤- ئەگەری بەهێزکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دراوی نیشتمانی لە ڕووی بەها و شێوەی دراوەکە بە تایبەت لە سەرەتای پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکە.

 

٥- پاساوی کۆنبوونی دراوەکان و پێویستیی نوێکردنەوەیان، کە پێم وانییە زۆر پاساوێکی بەهێزبێت چونکە خودی یاسای بانکی ناوەنی ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠٠٤ لە مادەی ٣٤ ئەم کردارەی رێکخستووە و پرۆسەیەکە بەدرێژایی ٢٢ ساڵی رابردوو بە چەند رێکارێک بەردەوامیی هەبووە.

 

٦- یەکێک لە پاساوەکان بۆ گۆڕینی دینار و لابردنی سێ سفر کەمی سیولەی نەختییە لە ئابوری سەڕای هەبوونی زیاتر لە ١٠٠ تریلیۆن دیناری چاپکراو لە ماوەی ساڵانی رابردوو، بەڵام بەشی زۆری ئەو پارەیە لەدەرەوەی بانک و سوڕی ئاڵوگۆڕی بازاڕدایە، و بەشێوەی جیاوز وەک پارەی نووستوو (اکتنازکراو) لای بەشێک لە هاوڵاتیان یان لای دز و گەندەڵەکان هەڵگیراوە، کە بانکی ناوەندی بە بڕی زیاتر لە ٨٠ تریلیۆن دینار مەزەندەی دەکات، و پێی وایە لە رێگەی گۆڕینی دینارەوە ئەوانەی ئەو پارانەیان لایە ناچاردەبن بیگۆڕنەوە بە دراوە نوێیەکە بەو جۆرەش دەوڵەت پارەکان دەگێڕێتەوە بۆ ناو سیستمی بانکی و لە رێگەیەوە دەتوانێ چارەسەری کەمی سیولەی نەختینەی پێبکات، وە ئەگەر خاوەنەکانی ئەو پارانە نەیانتوانی ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن، وەیان لە ترسی لێپێچینەوە نەتوانن بیگۆڕنەوە بە دراوە نوێیەکە ئەوا ئەو پارەرانە کۆتاییان پێدێت. رەنگە ئەم پاساوە لەڕووی تێۆرییەوە درووستبێت، بەڵام چاوەڕواندەکرێت خاوەن ئەو دینارە نووستوو یان شاردراوانە بەر لە دەستپێکردنی فەرمی و کرداری پارە گۆڕینەوە بیکەن بە دۆلار و دراوی بیانی، زێڕ، یان خانوبەرە یان هەرشێوازێکیتری هەڵگرتنی داهات وسامان.

 

 

بەشی پێنجەم: ئەو ئامانج و خواستانەی گۆڕینی دراو ناتوانێت بەدیانبهێنێت:

 

١-رزگاربوون لە ئابوری بەرخۆر(رەیعی) و پشتبەستن بە نەوت وەک تەنها سەرچاوەی هەناردەکردن، و سەرچاوەی سەرەکی داهاتی بودجەی گشتی.

 

٢- بەهێزکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆماڵی لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ، یان کەمکردنەوەی هاوردەی بیانی.

٣- ناتوانێت کورتهێنانی بودجە و کێشەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی حکومەت چارەسەربکات.

 

٤- ناتوانێت رێگری بکات لە بەرزبوونەوەی ئاستی گشتی نرخەکان و رێژەی هەڵاوسان و دووبارە زیادبوونەوەی سفرەکانی سەر دینار گەربێتوو پرۆسەکە هاوکات نەبێت لەگەڵ چاکسازی دارایی و نەختی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییەکانی حکومەت و خستنەڕووی دینار.

 

٥- ئەم پرۆسەیە گۆڕانکاری ناکات لە نرخ و بەهای راستەقینەی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکانیتر.

 

٦- مەرج نییە ئەم پرۆسەیە متمانەی هاوڵاتیان بە دینار دامەزراوە بانکییەکان زیادبکات بەبێ ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی بانک دا.

 

٧- ئەم گۆڕانکارییە ناتوانێت بنەبڕی گەندەڵی بکات لە عێراق بەبێ بەهێزکردنی شەفافیەت و کاراکردنی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و دەستپاکی و لێپرسینەوە، و توندکردنەوەی رێکارەکانی حەوڵەکردنی دۆلار، و رێگریکردن لە پارە سپیکردنەوە و ئاودیوکردنی سەرمایە.

 

 


گەلەری