سەردێڕ:

تێکەڵکردنی پێشمەرگەی رۆژ بە سوپای سوریا رەتدەکرێتەوە

PM:10:24:02/09/2026

1052 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری حەسەکە هەواڵی بوونی هەر دانوستاندن یان پێشنیازێک لەلایەن حکومەتی سوریا بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ لە ناو سوپای سوریادا رەتکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باسیان لە هەوڵێکی لەو جۆرە کردبوو.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، ئەحمەد هیلالی جێگری پارێزگاری حەسەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی (شەرقل ئەوسەت) رایگەیاند، هیچ هەواڵێک لەبارەی تێکەڵکردنی پێشمەرگەی رۆژ بە سوپای سوریا ڕاست نییە. لە بەرامبەردا، شەمشال گەدۆ، سەرۆکی پارتی وەسەتی کوردی لە سوریا جەختی کردەوە، گەڕانەوەی ئەم هێزە مافێکی نیشتمانییە و پێویستە لە رێگەی رێککەوتنێکی سیاسیی روون لە نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) و حکومەتی سووریاوە ئەنجامبدرێت.

جێگری پارێزگاری حەسەکە زانیاریی ناو ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانەی رەتکردەوە کە باسیان لە پێشنیازێکی حکومەتی سوریا کردووە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ لە ناو سوپای سوریادا، بە شێوازێک کە هاوشێوەی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بێت.

ئەم وەڵامەی بەرپرسەکەی سووریا دوای ئەوە هات کە پێگە هەواڵییەکان ئاماژەیان بە بوونی لێکتێگەیشتن و دانوستاندن لە نێوان ئەنەکەسە و دیمەشق کردبوو لەبارەی گەڕانەوەی ئەو هێزانەی لە هەرێمی کوردستاندا جێگیرن.

لە لایەکی دیکەوە، شێلال گەدۆ، سەرۆکی پارتی وەسەتی کوردی لە سووریا کە پێكهاتەیەکی ناو ئەنەکەسەیە دەڵێت، پێشمەرگەی رۆژ وەک هێزێکی نیشتمانیی سوریی مافی خۆیەتی بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و بەشداربێت لە بەرگریکردن لە خاکی سوریا.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشمەرگەی رۆژ دەستی لە هیچ شەڕێکی ناوخۆیی و دژی گەلی سووریا سور نەبووە، بۆیە پێویستە گەڕانەوەیان لە رێگەی رێککەوتنێکی روونی سیاسی و بە گەرەنتییەوە بێت تاوەکو رۆڵی خۆیان لە ناو دامەزراوە سەربازییە نیشتمانییەکاندا بگێڕن.













گەلەری