سەردێڕ:

شۆفێرانی تەکسی و کرێکارانی بیناسازیش لە داهاتوودا خانەنشین دەبن

PM:05:19:02/09/2026

840 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەیاسای نوێی خانەنشینیی کەرتی تایبەت توێژە نافەرمییەکانی وەک کرێکارانی بیناسازی و شۆفێرانی تەکسیش دەگرێتەوە، هەروەها هەوڵەکان بەردەوامن بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ ٢٥٠ هەزار دینار.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٦ کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای خانەنشینیی کەرتی تایبەت رێکارەکانی لە ئەنجومەنی شورا کۆتاییانهاتووە و لە کابینەی داهاتوودا رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی مافی کرێکاران.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئاشکراشیکرد، لە دۆسیەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا زیاتر لە ١٣ هەزار کەسی نوێ تۆمارکراون و ئاڕاستەی بەغدا کراون، هەروەها کار دەکرێت بۆ جێگیرکردنی مووچە نوێکەیان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا.

وتیشی، وەزارەتەکەیان هەنگاوی گەورەی بڕیوە لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی تۆکمە بۆ خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت. ئاشکراشی کرد کە بە هاوکاریی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان، پڕۆژەکە توێژە ناڕەسمییەکانیشی وەک کرێکارانی بیناسازی و شۆفێرانی تەکسی گرتووەتەوە.

جەختیشی لە هەوڵە بەردەوامەکانیان کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی مانگانەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ ٢٥٠ هەزار دینار لە رێگەی جێگیرکردنی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا، کە تێچووی ساڵانەی ئەم هەنگاوەش نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینار دەبێت.













گەلەری