سەردێڕ:

کەشتی بەرامبەر کەشتی؛ ستراتیژە نوێیەکەی واشنتن دژی تاران

AM:09:33:02/09/2026

1320 جار خوێندراوەتەوە

یارییەکە لە گەرووی هورمز گۆڕا، واشنتن ستراتیژییەکی نوێی ڕاگەیاند کە ناوی ناوە "کەشتی نەوتهەڵگر بەرامبەر کەشتی نەوتهەڵگر"، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی دا تا ڕێگە لە تاران بگرێت دەست بۆ کەشتییە بازرگانییەکان ببات.


بنەمای هاوکێشە نوێیەکە زۆر ئاسان و ڕوونە؛ ئێران هێرش بکاتە سەر هەر کەشتییەک، ئەمریکاش ڕاستەوخۆ نەوتهەڵگرێکی ئێرانی دەکاتە ئامانج. لە یەکەم هەنگاویشدا، درۆنەکانی ئەمریکا ژووری بزوێنەری دوو نەوتهەڵگری ئێرانییان لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە پێکا تا کۆتایی بە یەکەم وەڵامی کرداری بهێنن.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت، هێرشەکان تەنها ئەوە نەبوون، بەڵکو نزیکەی ١٠٠ ئامانجی سەربازیی جیاوازیان گرتووەتەوە؛ لە بنکەکانی سوپای پاسداران و دامەزراوە دەریاییەکانەوە تا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ڕادارەکان، پلاتفۆرمی هەڵدانی مووشەکی کروز و درۆن، هەروەها تواناکانی چاندنی مین و ناوەندەکانی پەیوەندی.

واشنتن جەخت دەکاتەوە بەم وەڵامە توندە توانای هێرشبەری تاران لە گەرووەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی پێکراوە و ئاستی هەڕەشەکان لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک کەمکراوەتەوە.

لە بەرامبەردا، ئێران بێدەنگ نەبووە و بە ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئوردن، کوەیت و بەحرەین وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.

سەرەڕای بەردەوامیی ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە، سوپای ئەمریکا بەردەوامبوونی خۆی لە پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی ڕادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات کە تەنها لە سێشەممەی ڕابردوودا، دوای تێکشکاندنی چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، توانراوە ٤٠ کەشتی بە سەلامەتی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕێنرێن.













گەلەری