PM:01:36:29/08/2026
904 جار خوێندراوەتەوە
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، یەدەگی دراوی بیانیی وڵات هیچ مەترسیەکی لەسەر نییە و دەشڵێت، بەپێی خەمڵاندنەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراویش بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کۆی یەدەگی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ٧٩ ملیار دۆلار.
ئەمڕۆ شەممە ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٦، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو بڕە دراوە بیانییە بەشی دابینکردنی هاوردەکردنی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکانی زیاتر لە نۆ مانگ دەکات.
ناوبراو روونیشی
کردووەتەوە، بەپێی پێوەرە ژمێرییەکان، دابینکردنی زیاتر لە شەش مانگی هاوردەکردن بە
ئاستێکی ئارام دادەنرێت، بەڵام دابەزینی تۆمارکراوی ئەمساڵ پێویستی بە وشیاری و بەدواداچوونی
زیاتر هەیە تاوەکو ئاستی دڵنیایی لە دەست نەدرێت.
ئەو راوێژکارەی
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، یەدەگی دراوی بیانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە
پاراستنی سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقیدا دەگێڕێت و وەک هێڵی یەکەمی بەرگریی
دەستنیشان دەکرێت، چونکە بانکی ناوەندیی لە رێگەی دابینکردنی دۆلار و پڕکردنەوەی
داواکارییە یاساییەکانەوە ڕێگە لە فشارەکان دەگرێت.