سەردێڕ:

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم: کێشەی بەنزین چارەسەرکرا

PM:01:12:29/08/2026

1232 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی نەوت دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە نزیکەی ٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر بەغدا تێچووی پاڵاوتن وەک ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەژمار بکات، دەتوانن بەنزین بە ٤٥٠ دینار بدەنە هاووڵاتییان.


ئەمڕۆ شەممە ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٦، کەمال محەممەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڵاویکردەوە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم دەستیپێکردووەتەوە و هەموو کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان. ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا لە نێوان ٢٢٠ بۆ ٢٣٠ هەزار بەرمیلدایە لە رۆژێکدا و بەشێکی بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە، تەنیا کێڵگەی سەرسەنگ نەبێت، کە بەهۆی چەند هێرشێکی درۆنی، زیانی بەرکەوتووە و هێشتا دەستیپێنەکردووە.

باسی لەوەشکرد، کێشەی بەنزین تا ڕادەیەکی باش چارەسەر کراوە، بەڵام بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی کێشەکە نەمێنێت، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ پشکی هەرێم بدات.

وتیشی، حکومەتی عێراق تێچووی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ پاڵاوگەکانی خۆی بە پێنج هەزار و ٩٠٠ دینار نزیکەی چوار دۆلار هەژمار دەکات، بەڵام بۆ پاڵاوگەکانی هەرێم بە ١٦ دۆلارە. هەر کاتێک بەغدا ئەو نەوتەی دەیداتە هەرێم بە چوار دۆلار بۆمان هەژمار بکات، ئێمەش بێگومان بەنزین بە ٤٥٠ دینار دەدەینە هاووڵاتییان.

هاوکات ئەوەشی ڕوونکردەوە، پێویستە بڕی پاڵاوتنی نەوت لە هەرێم زیاد بکرێت، چونکە لە ئێستادا رۆژانە تەنیا ٥٠ هەزار بەرمیل دەپاڵێورێت، لە کاتێکدا خواستی ناوخۆیی دەگاتە ١٤٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

 

 

 

 

 

 

.













گەلەری