سەردێڕ:

لە کەسنەزان ڕووداوێکی هاتووچۆی سەخت ڕوویدا و چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا

PM:12:13:26/08/2026

1440 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆدا لەسەر ڕێگەی سەرەکیی کەسنەزان لە سنووری شاری هەولێر، بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە هەشت ئۆتۆمبێلدا کێشا، هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت، تا ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە شەش کەسیش بریندارن.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی ئابی ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ڕووداوەکە کاتێک روویداوە کە بارهەڵگرێک کە گەچی بارکردبوو و لە کۆیەوە بەرەو هەولێر هاتبوو، بەهۆی نەمانی ئیستۆپـەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و پەڕیوەتەوە سەر شەقامی بەرامبەر و بە پێچەوانەی ئاڕاستەی شەقامەکە خۆی بە هەشت ئۆتۆمبێلدا کێشاوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا بەهۆی ڕووداوەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاد لە شەش کەسیش بریندار بوون، کە پۆلیسێکی هاتووچۆ و شۆفێری بارهەڵگرەکەش لە نێو قوربانییەکاندان.

هەروەها، بەهۆی سەختیی برینی بەشێک لە بریندارەکان و ئەگەری مانی هەندێک لە قوربانییان لە ژێر ئۆتۆمبێلەکاندا، تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی لە گەڕان و بەدواداچوون بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت لە کاتەکانی داهاتوودا ئاماری کۆتایی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بڵاوبکرێتەوە.













گەلەری