سەردێڕ:

رێکارەکانی دەستپێکردنی خوێندنی ئۆنلاین بڵاوکرایەوە

AM:10:32:30/03/2026

1008 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رێکارەکانی تایبەت بە پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاینی لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە مامۆستایان و سەرپەرشتیاران لەڕێگەی پلاتفۆرمە جیاوازەکانەوە وانەکان بەردەوام بکەن و هەفتانە فیدباک بدەنە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی ئازاری ٢٠٢٦، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژووی نەژاد عەبدوڵڵا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەتی لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندن، رۆژانی سێشەممە دەوام بکەن و سەردانی ناوەندەکانی خوێندن بکەن، ئەمەش بەمەبەستی راییکردنی ئەرکە کارگێڕیی و فێرکارییەکان و بەدواداچوونی پرۆسەکە دەبێت.

لەبارەی پەخشی وانەکان رایگەیاند، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ تەلەفزیۆنی پەروەردەیی، وانەکان تۆمار دەکرێن و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو رۆژانە پەخش دەکرێن هاوکات، پێویستە بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن راستەوخۆ سەرپەرشتیی کارەکانی مامۆستایانی خوێندنی حکومی بکەن و چاودێریی ئەرکی ماڵەوەیان بکەن لەڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی وانە) یان ئەو گرووپانەی کە لەلایەن مامۆستایانەوە دادەنرێت.
باسی لەوەشکرد، ناوەندە پیشەییەکان دەتوانن ڤیدیۆ تۆمار بکەن و بیدەنە کارگێڕیی خوێندنگەکان بۆ ئەوەی لەڕێگەی گرووپەکانی (واتسئاپ، تێلیگرام، ڤایبەر)ەوە بڵاوی بکەنەوە کە لەلایەن مامۆستایان و خوێندکارانەوە بەکاردەهێنرێن هەروەها، مامۆستایان پابەند کراون کە هەفتانە ئاگاداریی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بکەن بۆ پێدانەوەی فیدباکی خوێندن.













گەلەری