سەردێڕ:

وادە و شوێنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران‌ و ئەمریکا ئاشکرا کرا

PM:01:21:14/02/2026

1224 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چاوگێکەوە دەڵێت، بڕیارە رۆژی سێشەممە دوو خولی جیاوازی وتوێژی دیپلۆماسی لە جنێڤ بەڕێوە بچێت، یەکێکیان سەبارەت بە ئێران و ئەوی دیکەیان سەبارەت بە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا.


ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چاوگێکەوە بڵاویکردەوە، "رۆژی سێشەممە، شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر لە جنێڤ لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆدەبنەوە، هەروەها نوێنەرانی عومان وەک نێوەندگیر لەم خولەی دانوستانەکاندا لە جنێڤ دەبن".

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێران، بڕیارە هەر هەمان رۆژ ویتکۆف و کوشنەر بەشداریی لە گفتوگۆیەکی سێ قۆڵیدا بکەن لەگەڵ نوێنەرانی رووسیا و ئۆکرانیا سەبارەت بە کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

رۆژی هەینی ٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، لە مەسقەت گەڕی نوێی دانوستان ئێران و ئەمریکا بە ئامادەبوونی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە، بە گوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چەند پرسێکی دیکە کردووە.

لە دوای کۆبوونەوەکە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "گفتوگۆکان ئەرێنی بوون، دەتوانم بڵێم سەرەتایەکی باشە".













گەلەری