سەردێڕ:

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری: ده‌ستوه‌ردان ناكه‌ین له‌ كاندیدكردنی كه‌سێكی دیاریكراو بۆ سه‌رۆك وه‌زیران

PM:12:49:03/01/2026

580 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دووپاتی دەکاتەوە، دەستوەردان لە پرسی کاندیدکردنی هیچ کەسایەتییەکی سیاسی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناکات.


ئەمڕۆ شەممە ٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، لە راگەیەنەراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هاتووە، ئەو بابەتە بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی ئەنجوومەنەکەدا نییە.

ئەنجوومەنەکە هۆشدارییەکی توندیش دەدات و دەڵێت، رێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو لایەن و کەسایەتییانە دەگرێتەبەر، ناوی دەسەڵاتی دادوەری تێکەڵ بە کێبڕکێی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران دەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەگەڵ دەستپێکردنی وادەی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، تێبینی کراوە هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتیی کێبڕکێکار، ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ پەسەندکردن یان پاڵپشتیی کاندیدەکانیان بەکاردەهێنن، ئەنجوومەنەکە ئەم هەوڵانە بە ئامانجی زیانگەیاندن بە ناوبانگی دەسەڵاتی دادوەری لەقەڵەم دەدات، لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستەوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بیریهێنایەوە، پێشتریش لە راگەیەندراوی رۆژی ٢٧ـی مانگی ١١ـی ساڵی رابردوودا جەختی کردبووەوە، بەهیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری کاندیدی سەرۆک وەزیران وەرنادات.













گەلەری