PM:09:06:17/12/2025
928 جار خوێندراوەتەوە
پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە كۆتایی هێنان بە هاوردەكردنی غازی رووسیا پەسەندكرد و بەگوێرەی یاساكەش، تا كۆتایی ساڵی داهاتوو، هیچ وڵاتێكی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا ناتوانێت غاز لەو وڵاتە هاوردە بكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا، پڕۆژەیاسای دەستبەرداربوون لە غازی رووسیا خرایە دەنگدانەوەو بە زۆرینەی ٥٠٠ دەنگ بەرامبەر ١٢٠ دەنگی نەخێر، پەسەندكرا و بووە یاسایەكی كارپێكراو، بەپێی یاساكەش سەرجەم وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا پابەندكراون تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ كۆتایی بە هاوردەكردنی غازی رووسیا بهێنن و بەدوای سەرچاوەی دیكەدا بگەڕێن.
پەسەندكردنی
یاساكە، لەچوارچێوەی فشارەکانی یەكێتی ئەوروپا دێت بۆسەر رووسیا بەمەبەستی كۆتایی
هێنان بە جەنگی ئۆكرانیا و واژۆكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ كیێڤ و كشانەوەی
هێزەكانی لەو ناوچانەی ئۆكرانیا كە لەماوەی جەنگی نێوانیان كۆنترۆڵی كردووە،
هەرچەندە رووسیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ، بەڵام بەو
مەرجەی دان بەو ناوچانەی ئۆکرانیادا بنرێت كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی سوپای
رووسیادایە وەك بەشێك لە خاكی ئەو وڵاتە.
پێشتریش
كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بڵاویكردەوە، سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەكە
پابەندكراون كە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هیچ گرێبەستێكی هاوردەكردنی غازی
سروشتی لەگەڵ رووسیا واژۆ نەكەن، هاوكات هەر وڵاتێكیش گرێبەستی كورتخایەنی لەگەڵ
مۆسكۆ كردووە، پێویستە لەرۆژی ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، كۆتایی پێبێت و نوێ نەكرێتەوە،
بەڵام ئەو وڵاتانەی گرێبەستی درێژخایەنیان بۆ هاوردەكردنی غازی رووسیا كردووە، تا
سەرەتای ساڵی ٢٠٢٨ كاری پێدەكرێت و لەو بەروارە بەدواوە هیچ وڵاتێكی ئەندامی
یەكێتی ئەوروپا نابێت غاز لە رووسیاوە هاوردە بكات.
لەلایەکی
دیکەوە هەندێک وڵاتی یەكێتی ئەوروپا، وەک هەنگاریا و چیك، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر
بڕیارەكە نیشاندا و دەڵێن، زیانێكی زۆریان پێدەگات، بەو پێیەی تائێستا هیچ
سەرچاوەیەكی دیكەیان نییە كە ببێتە جێگرەوەی رووسیا و لەوێوە غاز بە نرخێكی هەرزان
هاوردە بكەن.