سەردێڕ:

دوای ٣٥ ساڵ عێراق پێشوازی لە یەکەم گەشتی ئەوروپی کرد

PM:09:45:16/12/2025

720 جار خوێندراوەتەوە

دوای ٣٥ ساڵ بۆ یەکەمجار بەغدا پێشوازی لە یەکەم گەشتی ئەوروپی کرد و وەزارەتی گواستنەوەش ئەمە بە دەستکەوتێکی گەورە دەزانێت و دەڵێت ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی عێراق بۆ نەخشەی فڕۆکەوانی ئەوروپا.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، دوای ٣٥ ساڵ وەستانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا یەکەم گەشتی ئەوروپیی وەرگرتووە، کە گەشتەکە لەلایەن هێڵی ئاسمانی ئیجە لەسەر رێگای بەغدا – ئەسینا – بەغدا بەڕێوەدەبرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا یەکەم گەشتی ئەوروپیی وەرگرت، ئەمەش ساتێکی گرنگە، مژدەی قۆناغێکی نوێی بوژانەوە و کراوەیی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی عێراقە.

وتیشی، ئەم گەشتە لوتکەی هەوڵە بەردەوامەکان بووە، بۆ ئەوەی مەرجەکانی کارکردن و تەکنیکی و ئەمنی و ژێرخانی فڕۆکەخانەکانی عێراق بەرزبکرێتەوە و لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت، کە لە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا پەسەندکراون.

گەشتەکە لەلایەن هێڵی ئاسمانی ئیجەن کە کۆمپانیای نیشتیمانی یۆنانیە بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە هێڵی ئاسمانی ئەوروپی لە بەغدا بنیشێتەوە، ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی عێراق بۆ نەخشەی فڕۆکەوانی ئەوروپا.

وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی بازدانێکی چۆنایەتی دەکات لە ئازادکردنی گواستنەوەی ئاسمانی عێراق، کە رەنگدانەوەی گەشەسەندنی متمانەیە بە تواناکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و کارایی ژێرخانی عێراق.

دووپاتیشی کردووەتەوە، فڕۆکەخانەکانی عێراق بوونەتە ژینگەیەکی سەلامەتی کارکردن، توانای یەکخستنی لە چوارچێوەی سیستمی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتیدا هەیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێڵی ئاسمانی ئیجە شانازی بە تۆڕێکی فراوانەوە دەکات کە ١٦٢ شوێنی مەبەستی جیهانی دەگرێتەوە.













گەلەری