سەردێڕ:

بەفەرمی کۆی زیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ راگەیەندرا

PM:08:37:15/12/2025

14412 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بەداتای ورد، زیانی لافاوەكەی هەفتەی رابردووی ناوچە جیاوازەكانی بڵاوكردەوەو بەپێی داتاكان زیانەکان زۆر لەوە زیاترن کە راگەیەندراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئاماری فەرمی زیانەکانی شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارین و لافاوی بڵاو کردەوەو بەپێی راپۆرتەکە، جگە لەگیانلەدەستدانی پێنج هاوڵاتی و برینداربونی ١٩ـی دیکە، زیانی ماددی بەر دوو هەزار و ٣٧٦ ماڵ و سەدان پرۆژەی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ گەیشتووە.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دەشڵێت، ئەم داتایانە ئەگەری گۆڕینانیان هەیە، چونکە پرۆسەی تۆمارکردنی زیانەکان کۆتایی پێنەهاتووە.

پارێزگای هەولێر:

بڕی دابارینی باران لەپارێزگای هەولێر لەڕێکەوتی ٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، لەسەنتەری شار ٢٥.٦ ملم باران بووە.

رێژەی دابارین لەڕۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٩ـی ١٢، لەپارێزگای هەولێر ١٤.١ ملم بووە.

بەشێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نەکراوە، تەنیا ئاو لەچەند ناوچەیەک کۆبووەوە.

لەگوندی قوشتەپە سەر بەناحیەی شەمامک، (٦) ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵی ئاو، زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکەونە سەر زێی گەورە بەرهەمهێنانیان راگیراوە، ئەم راگرتنەش بۆ ماوەی ٢٤ تاوەکو ٤٨ کاتژمێر بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لەهاوڵاتییان کراوە دەست بە ئاوەوە بگرن.

بەهۆی هەورە بروسکەوە (٦) پێشمەرگە لەسنوری بالیسان بریندار بوون، کە برینەکانیان سوکن و (٥) لە نەخۆشخانەی رانیە چارەسەریان وەرگرتووەو ئێستا گەڕێنراونەتەوە شوێنی خۆیان و تەنیا یەکێکیان بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی رەوانە کراوە بەمەبەستی چارەسەر.

لە تەق تەق زیاتر لە (١٠٧) باخ و دانەوێڵەی هاوڵاتییان زیانی بەرکەوتوەو (٨٧) بیری ئاو زیانی بەرکەوتوەو (١٤) ماڵ لەو ناوچەیە زیانی بەرکەوتوەو (٧٨) پرۆژەی ماسیش لەناوچون کە ٣٧٩ هەزار و ٩٠٠ ماسی تێدا بوە، دوو تراکتۆری هاوڵاتیش زیانی پێگەیشتوە.

پارێزگای سلێمانی:

بەشێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لەڕێکەوتی ٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، نزیکەی ٦١.٣ ملم بوە، بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو رۆژدا.

لەڕێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلێزمە هەمان پارێزگای گرتەوە کە تاوەکوو شەو بەردەوام بوو بڕی دابارین گەیشتە ١٢٢.٧ ملم، کە بوە هۆی ئەوەی چەندین ماڵ و قوتابخانە لەگەڕەکی ڕاپەڕین ژێر ئاو بکەون، ئاو لەچەندین شەقامی سەرەکی کۆببێتەوە.

بەڵام لە چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەو شۆڕش، رێژەی دابارینی باران بەشێوەیەکی زۆر بەلێزمە بوە لەماوەی (٤) کاتژمێر لە نێوان (١١ نیوەڕۆ بۆ دووی نیوەڕۆ)ی رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، بڕی (٨٠) ملم بوە، کە تەنیا لەو رۆژەدا ١٢٧.١ ملم باران لەچەمچەماڵ و لەتەکیە ١٧٣.٥ ملم باریوە، کە بووەتە هۆی دروستبونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە.

زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:

دوو کەس گیانی لەدەستداوە.

(١٢) کەس بریندار بووە.

یەک کەس بێ سەر و شوێنە.

(٦٠٠) ماڵ لەقەزای چەمچەماڵ و (٦٠٠) ماڵ لەشۆڕش و (٤٠٠) ماڵ لەتەکیە زیانی بەرکەوتوەو لەپارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.

زیاتر لە (١٠٠) دوکان و کۆگا ئاو چووتە ناویان و (٥) فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچوەو کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.

کارەبا لە چەمچەماڵ بڕاوەو هێڵەکانی ئینتەرنێت کێشەیان تێکەوتوەو بنکەی کەشناسی قەزاکە زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.

لەقەزای چەمچەماڵ زیان بە (٨) قوتابخانە کەوتوە.

تەنها لە چەمچەماڵ نزیکەی (٢٠٠) ئۆتۆمبێل زیانیان پێکەوتوە.

لەناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە (٤٠٠) حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتون.

لەهەرێم کە لەسنوری پارێزگای سلێمانی و شارەزورو چەمچەماڵ و دوکان و شارباژێڕو پێنجوێن، لە ناوەندەکانی خوێندن کراوە بە پشووی فەرمی بۆ ڕێکەوتی٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥.

دیواری قوتابخانەیەک لە تەکیە روخاو زیانێکی زۆر بەر قوتابخانەکە کەوت. و تەواوی دۆسیەی قوتابخانەکە لەناوچوە.

لەناحیەی پیرەمەگرون، زیان بە (١١٨) ماڵ کەوتوەو هەروەها (٤٦ دوکان و (١٢) مەخزەن ئاو چووتە ناوی و (٤) ئۆتۆمبێل و (١) تراکتۆر زیانی پێگەیشتوە، بینایی یانەی وەرزشی پیرەمەگرون ئاوی تێچوو، دیواری مزگەوتی مەلا مەحمود رووخاوە.

لەقەزای دوکان (٧) ماڵ و (١٥) دوکان و مارکێت و رێستۆرانت زیانیان بەرکەوتووە.

نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن ئاویان تێچوە.

بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی زێی بچوک، زیانی ماددی بەگوندەکانی کەپەنک و سماقە و جگیکە و قەرەناو کەوتوە.

پردی مەڵەتەبە لەقەزای ماوەت بەهۆی زۆری ڕێژەی ئاو لەو ناوچەیە، هاتوچۆی ماوەت ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە کە گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان.

لەناحیەی تەکیە لەکێڵگەیەکی پەلەوەر زیاتر لە (١٥) هەزار جوچکە مرداربوەتەوە بەهۆی لافاوەوە.

ناحیەی قەرەهەنجیر بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە (١٠) گوند لەسنورەکە زیانیان بەرکەوتوە، کە دیارترینینان گوندەکانی (باشبڵاخی سەرو و خواروو، شێخجری، تەییمەزاوا، شێرەدەرە و قەرەوەیس)ن.

لەقەزای دوکان، پردی زەرزی لەنێوان گوندەکانی ناحیە کە سەیرانگەی چەمی ڕێزان ڕوخاوە، ڕێگەی سەرەکی بۆ گوندی شێخ زێنڵ دارماوەو ڕێگەیەک لەناو گوندی شاقوڵی تێکچووە.

لەقەزای شارەزور، (١٤) ماڵ زیانی بەرکەوتوەو (٣) پردیش دارماوە و نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگ زیانی پێگەیشتوە.

لەبازیان، (٩١) یەک ماڵ زیانی بەرکەوتوەو (١٠٨) خانووی پلاستیکی بە تەواوەتی تێکشکاون و (٦٦) خانوی پلاستیکی ئاو چوتە ناویان و زیانیان بەرکەوتوە.

لەقەزای بازیان، ( ١٢١ هەزار و ٦٠) مریشک و (٦) پڕۆژەی هەنگی و (٣٣) عەلەشیش و (٧) کۆتر و (٦) مانگا و (٦٥) سەر مەڕ و بزن خنکاون.

پارێزگای دهۆک:

بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (٢٣,٦) ملم بوە لەڕێکەوتی ٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، و بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوەو رێژەی دابارین لەڕێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥ بە بڕی (١,٨) ملم بوە.

پارێزگای هەڵەبجە:

بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە رێکەوتی ٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، نزیکەی (٥٤) ملم بوەو سوپاس بۆ خوا جگە لەگیرانی چەند رێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

رێژەی دابارین لەڕۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، لەپارێزگای هەڵەبجە (٩٢,٥) ملم بووە و لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان پشووی فەرمی راگەیەندراوە، (٦) ماڵ لەناوەندی هەڵەبجە زیانی بەرکەوتوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەلامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە هاوکاری کراون و خاوەن کێڵگەیەکش (٨) سەر مەڕ و بزنی خنکاوە.

ئاستی ئاوی روباری سیروان بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوی لەزیادبوون کردووە.

پارێزگای کەرکوک:

بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (٢٦,٧) ملم بووە لە رێکەوتی ٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، لەڕێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، لە پارێزگاکە ٣٩،٤ ملم باران باریووە، زیانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەن:

ئاو لەیەکێک لەقوتابخانەکان لەگەڕەکی شۆراوە ئاو چوتە قوتابخانەکە، بەڵام لەناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لەپردەکان ئاو بردوویەتی و لەئێستادا رێگەی کەرکووک – لەیلان داخراوە.

لەگوندەکانی سەر بەناحیەی لەیلان نزیکەی (٤٠٠) ماڵ زیانیان پێگەیشتووە.

بەداخەوە منداڵێکی تەمەن (٧) ساڵ لەگوندی فرقانی بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی خنکاوەو ئێستا تەرمەکەی لەنەخۆشخانەی لەیلانە.

پردێکی ستراتیجی لەقەزای داقوق دارماوە بەهۆی ئەمەش هاتوچۆی نێوان کەرکوک و بەغدا نەماوە.

بەشی پزیشکی دادوەری لەنەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی شێرپەنجە لەگەڕەکی شۆرجە ئاو چوەتە ناوی و زیانی بەو نەخۆشخانانە گەیاندوە.

ئەمڕۆ رێکەوتی ١٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە گەڕەکی شۆراوە، ئافرەتێک گیانی لەدەستداوە بەهۆی تەزوی کارەبا.

هەر ئەمڕۆ رێکەوتی ١٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٥،کارمەندێکی شارەوانی لەکاتی کارکردن لەگەڕەکی ڕەحیماوا، کارەبا گرتویەتی و بەسەختی بریندار بوە.

نزیکەی (٣٥) ماڵ لەگەڕەکی شۆراوە ئاو چوتە ماڵیان و زیانی ماددی زۆری پێگەیاندون.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان

ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (٥٠) ملم بوە لەڕێکەوتی ٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، و خۆشبەختانە تەنیا ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆ بوەتەوە کە دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوەو زیانێکی وەهای نەبوە.

بەڵام رێژەی دابارین لەدوای نیوەڕۆی رێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، زۆر بوە کە بەنزیکەیی (٧٦,٦) ملم بوە، کە بوەتە دروستبونی لافاو لەناحیەی ڕزگاری و کەلار و زیانێکی زۆر هەبوە، کە بەم شێوەی خوارەوە بوە:

لەڕێکەوتی ١٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، منداڵێک لەسەر پردێکی ناو کەلار کەوتە خوارەوەو لەناو ئاوی لافاودا خنکا.

زیانێکی بەر بازاڕی ڕزگاری کەوتوەو (٥) دوکان زۆر زیانی پێگەیشتوە.

ئاو چوەتە ناو (١٦٧) ماڵ و زیانی ماددی بەر هاوڵاتییان کەوتوە.

ڕێگەی نێوان هەر دوو کەلار و ڕزگاری پچڕاوە.

ڕێگەی نێوان کەلار - کفری داخراوە.

هاتوچۆی نێوان گەرمیان و سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکان داخران، تەنیا بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت.

لەگەڕەکی گۆران لە کەلار بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە پردی لەنێوان هەر دوو گەڕەکی بەری گۆران و بەری سەرکەوتن، چەندین ماڵ ئاو چوەتە ماڵەکانیان.

(٤) ئۆتۆمبێل ژێر ئاو کەوتن و زیانیان پێکەوتوە.

بەشێکی پرۆژەی ئاو دێری سەلام، کە شادەماری ژیانی گەرمیانە، ئەو بەشەی لە هەوارە سورەیە بەتەواوەتی ئاو بردویەتی.

پرۆژەی شێخ لەنگەر زیانێکی زۆری بەرکەوتوە.

پرۆژەی باوەجۆو سەرچاوەکانی بەتەواوەتی پڕ بوەتەوە.

بەشێک لەڕێگەوبانەکانی گەرمیان زیانیان بەرکەوتوە.

زیانێکی بەرچاو بەر تۆڕی کارەبا کەوتوە.

پردی پێکەوەبەستنی هەردوو قەزای کفری و ڕزگاری لەناحیەی سەرقەڵا داروخاوەو ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوە.

ژمارەیەک پرۆژەی حەوزی بەخێوکردنی ماسی و خانوی پلاستیکی کشتوکاڵ و مەرەشەی ئاودانی دەستکرد بە تەواوەتی لەناوچون

ژمارەیەک لەسندووقی هەنگ لەناوچون، ژمارەیەک پەلەوەر و مەڕی گوندەکان مرداربونەتەوە.

شەقامی پشتیینەی کەلار زیانی بەرکەوتوە، شوشتەکانی ناو شار لەقەزای ڕزگاری تێکشکاون، بەر بەستی لافاوی سەید خەلیل – گۆپان زیانی بەرکەوتوە.

هەزار و ٦٣ مریشک و عەلەشیش و ٦٠ سەر مەڕو بزن و (٢) مانگا و (٦٠) کۆتر و (٧٦) قاز، ئاو بردویانەتی و خنکاون.

(١١) پرۆژەی باخداری و گەنم و جۆ ئاو بردویەتی کە زیاتر لە (٢٠٠) دۆنم زەوی بونە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:

ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە نزیکەی (٢٥,٦) ملم بوە لە ڕێکەوتی ٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٥. بەڵام دابارینێکی زۆری بەفر هەبوو لە ناوچە سنورییەکان بەتایبەت لەدەروازەکانی (زێت و حاجی ئۆمەران) کە بوەتە هۆی پەکدادان لەنێوان دوو بارهەڵگر، شاخەکانی (سیدەکان) بەفر دایانی پۆشیوە. دەڤەری باڵەکایەتی تاوەکوو چۆمان بەفرێکی زۆر باریوە.

بەبڕی دابارینی ڕێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، نزیکەی (١٢,٣) ملم بوە.

بەهۆی کەوتنە خوارەوەی تاشە بەردێک ئاستەنگی هاتوچۆ لەڕێگەی سەرەکی گەلی عەلی بەگ- بێخاڵ دروست بوبوو، بەڵام لە لایەن بەڕێوەبەڕایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبان و تیمی وەلامدانەوەی خێرا بەزوی لابرا.

بەهۆی دارمانی شاخ، خانوی هاوڵاتیی لەشارۆچکەی قەسری لەقەزای چۆمان ڕوخاو لەگوندی خانەقا، دیواری ماڵی هاوڵاتیی ڕووخاوە. و لەسیدەکان، بەهۆی باران بارینی بەلێزمەوە، خانوی هاوڵاتیی ڕۆچوەو ڕوخاوە، لەقەزای مێرگەسوریش دیواری خانووەک دارماوە.

ل زۆربەی ڕێگە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران ئەم سێ ڕۆژەی ڕابردوو بەرد و دارمانی هاتنە خوارەوەی قوڕ و لیتاو هەبوو بە تایبەت لە (ڕێگەی هاملتۆن_ گەلی شکەوێن _ سەری بەرد _ زینی وەرتێ _ ڕێگای سمیلان)

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:

ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە نزیکەی (١٣) ملم بووە و لە ڕێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، بڕی دابارین (١٨,٥) ملم بوە، لەو ئیدارەیە هیچ

زیانێک تۆمار نە کراوە. ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور لە (٩٥) سم بۆ (٢٠٥) سم بەرزبوەتەوە و لە لایەن تیمەکانی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەردەوام چاودێری دە کرێت.

ڕێگای گوندی کانی ڕهاڵ نزیک جادەی گشتی زەویە کە ڕۆچووە و هاتووچۆی سەیارە ڕاگیراوە.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین:

بڕی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە ڕێکەوتی ٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، نزیکەی (٨٤) ملم بووە. هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نە کراوە، بەڵام ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە و (٣) ماڵ لە قەزای حاجی ئاوا کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئاوە کە و زیانی ماددی هەبووە. و لە ڕێکەوتی ٩ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، بڕی دابارین (٢٢,٥) ملم بووە.

لەسنوری دەروازەی کێلێ، بەفرێکی زۆر باریوە کە ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ شۆفێران دروستکردووە. بەڵام ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٠ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، دەروازەکە بە تەواوەتی داخرا و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە ڕاگیرا. ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١١ـی ١٢ـی ٢٠٢٥، هاتووچۆ لە دەروازەی کێلێ ئاسایی بوەوە.













گەلەری