PM:08:00:16/12/2025
532 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەكانی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری لەبارەی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت و زیادکردنی داهات پەسەند کرد و بڕیاردەدات بڕگەكانی راسپاردەكە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە یەكێك لە بڕگەكان تایبەتە بە كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی سێ سەرۆكایەتییەكە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆیدا بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، بەكۆی دەنگ راسپاردەكانی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری پەسەندكرد، كە دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاری لەسەردرا لەپێناو زۆرتركردنی داهاتەكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت.
لە
کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سەرجەم بڕگەكانی راسپاردەكە
بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەن ئەمەش لە چوارچێوەی كارنەكانی حكومەت لەبوارەكانی
چاكسازیی ئابووری كارگێڕی.
بە گوێرەی
راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، یەكێك لە بڕگەكانی
راسپاردەكەی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری، تایبەتە بە كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی
سێ سەرۆكایەتییەكە، سودانی بڕیاریدا پێداچوونەوەی بەپەلەی بۆ بكرێت و كاربكرێت بۆ
یەكسانكردنی مووچە و دەرماڵەی سەرجەم كارمەندانی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان بە
مووچە و دەرماڵەی كارمەندانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
سەرۆك وەزیرانی
عێراق لیژنەی تایبەتمەندی لە وەزارەتی پلاندانان راسپارد بۆ چاوخشاندنەوە بە
راپۆرتی تایبەت بە یەكخستنی پلەبەندیی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بە رەچاوكردنی
ئەو راسپاردانەی لەوبارەیەوە بەرزكراوەتەوە.
یەكێكی تر لە
راسپاردەكانی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان، كەمكردنەوەی
پارەی تەرخانكراوە بۆ ئیفاد بە رێژەی ٩٠٪ و قەدەغەكردنی ئیفادكردن تەنها بۆ كاری
پێویست نەبێت، ئەویش بە رەزامەندی وەزیر.
لەبارەی
زیادکردنیش داهاتەكانیش، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەو لیژنە وەزارییەی بەپێی بڕیاری
ژمارە ٥٥٠ـی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە، راسپارد بۆ چاوخشاندنەوە بە
هەژمارکردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، كە ئێستا دەخرێتە سەر هەژماری
وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم.