سەردێڕ:

دارایی عێراق سەرجەم دەنگۆکانی دامەزراندن رەتدەکاتەوە

AM:09:51:07/11/2025

404 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رەتیکردەوە کە دامەزراندن هەبێت و دەڵێت لە ساڵى ٢٠٢٣ـوە دامەزراندن بە پێی یاسا راگیراوە، جەختیش دەکاتەوە کە هیچ لایەنێک دەسەڵاتی دامەزراندنی نییە، جگە لەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە.


ئەمڕۆ هەینی ٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، وەزارەتى دارایی عێراق بڵاویکردەوە، تەواوی ئەو بانگەشانە رەت دەکاتەوە کە لە هەندێک دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و گوایە دامەزراندن دەستپێدەکات و پۆستی نوێی کار دەکرێتەوە لەم کاتەدا.

وتیشی، لە ساڵى ٢٠٢٣ـوە دامەزراندن بە پێی یاسا راگیراوە و داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن و هاوڵاتیان دەکات کە زانیاری لە سەرچاوە فەرمی و باوەڕپێکراوەکان وەربگرن و خۆیان بەلاڕێدا نەبەن، بەهۆی هەواڵی نادروستەوە کە مەبەست لێی سەرلێشێواندنی رای گشتییە.

جەختیشیکردەوەو، هیچ لایەنێک دەسەڵاتی دامەزراندنی نییە چ بەشێوەی هەمیشەیی بێت یان گرێبەست، جگە لە ١٥٠ هەزار هەلی کار کە بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان دابەشکراون و بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دامەزراندنیان یەکلابووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە درێژەی بانگەشەی هەڵبژاردندنا؛ یەکێتی و پارتی بەردەوام بەڵێنی دامەزراندن دەدەنە هاوڵاتیان تاوەکو دەنگیان پێبدەن؛ هەر بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق سەرجەم دەنگۆکانیان رەت دەکاتەوە.  

 













گەلەری