سەردێڕ:

کەرکوک و دەستی ئەمین!

PM:02:08:05/11/2025
340 جار خوێندراوەتەوە
مەلا فەرمان
+ -

لە قۆناغی ئەی رەقیب، بە رەقیب ترساندیانم، هەڵیان خەڵەتاندیانم، بیروهۆشیان داگیرکردم، رەشم بە سپی بینی و سپیش بە ڕەش.

هەر لەم قۆناغە فێری هونەری دوبەرەکی و شەڕی براکوژیان کردم، شەڕێک تا ئێستا بەرۆکی بزووتنەوەی کوردبوونی بەرنەداوە.

چاوەڕواندەکرێت ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە بەجۆرێکی تر بەردەوام بێت، دوێنێ بە ئەی رەقیب و ئەمڕۆ بە دروشمی قەبەی ئاشتی و پێکەوەژیانی درۆزنانە.

درۆزنانەیە، مەبەست خەڵەتاندنە، لە پێناوی درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتدارێتی، چونکە ناکرێت تۆیەک لەگەڵ برا و هاوزمان و هاونیشتمانی و هاوشاری خۆت نەتوانی پێکەوە کار بکەیت و بژیت، چۆن دەتوانی لەگەڵ بێگانەیەکی خاوەن دەسەڵات، گەر کردت تۆ بێگانە پەرستی، گوێ لەمستی چونکە تۆ: لاواز و خاوەن پرس، تۆی ماف لێزەوتکرا و تۆی کەمینە و بندەستە، دەسەڵاتێک وەک خۆتان ئێژن لە ٢٠٠٣ ئامادە نییە، موڵکی داگیرکراوی کورد بگێڕێتەوە، ئامادە نییە بەندەکانی دەستوری عێراق جێبەجێ بکات.

چونکە دەزانێ دروشمەکانتان درۆزنانەیە، پەرتەوازە و دوڕوو و بێبارن، لە کەرکوک لە یەک ئەنجومەندا پیکەوەنین، رۆژێ دەیانکەن بە جیرانی باش، رۆژێ پێتان وایە موفلیسن، جارێ پێتان وایە ئێوە خاوەن ئابوری سەربەخۆن، رۆژێ دروشمی کەرکوک قودس و دڵی کوردستانە، سنور تا حەمرینە، رۆژێکی تر عێراقیە و رادەستی دەکەنەوە.

لە رەحمەتی مام جەلالم بیست " مەرجێکی دروستبونی دەوڵەتی عێراق و مانەوەی وەک یەک دەوڵەت مانەوەی کەرکوکە بە سیمای کوردانە".

جگە لە مورافەعەکەی لە مەجلسی حوکم، پشتکردن لە نیشتمان و پەنابردن بۆ خێڵ و بیری خێڵەکی و ئایینی، زیکری دەروێشانە هۆیەکیتری شێواندنی شێوەی نیشتمان و نەتەوەیە، چەند خولێکە لە هەڵبژاردن پەنا دەبرێتە بەر خێڵ و نوێنەرانی خێڵ، دەرچونی کاندید لە هەڵبژاردن لەدەستی کادر و بنکە حیزبیەکان دەرچووە، کەوتووەتە دەست خێڵ و پارە و سەرۆکەکەی.

ئەم هەنگاوەش خەریکە کۆمەڵگەی کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی دەرەبەگایەتی کە تێیدا خێڵ و بیری خێڵەکی، دەسەڵاتی خێڵ و رانە مەڕ و ئەسپەکەی لا گرنگترە لە پرسی نیشتمان.

بەڵێ، ئەوەی ئێستا دەیبینم ٣٦٠ پلە سوڕانەوە و هەڵگەڕانەوەیە لەوەی دوێنێ، پێچەوانەی نەتەوەکانی دونیا ئێستا بەتەواوی پشتکردنە لە پرسە نیشتمانیەکان، پشتکردنە لە پرسی خاک لە ناو خودی عێراقی فیدراڵدا.

بەم پشتکردنە هەوڵێکی جدی هەیە بۆ بە گشتیکردنی بیری بەکەمگرتنی پرسی خاک و نیشتمان و ئەمنی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان.

کارکردنە بە ئاڕاستەی لە بیرکردنی مافە زەوتکراوەکانی کوردی کەرکوک لە خاک و تەواوی ئەو زیانانەیە لێی کەوتوە، ئەم بۆچونەش لە دوای ٢٠٠٣ بە کردار لە مانەوەی پرسی کێشەکانی کەرکوک بە هەڵواسراوی دەبینرێت.

بە عەرەبیەکەی دەیانەوێ بڵێن " عفی اللە عما سلف" واتە ئەوەی چوو، چوووووو.

ئەی دەبێ چ بکرێ؟ لە ناو عێراقێکی فیدرالی یەکگرتوودا، دوای تەبایی و پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیانی لایەنی کورد لە یەک ماڵی سیاسیدا، بەبێ شەرمی سیاسی، کاربکرێت بۆ هێنانەدی " کەرکوک لە ناو هەرێمی کوردستاندا، خاوەن ئیدارەی خۆجێی و میزانیەی سەربەخۆی خۆی بێت."

دوا قسەش، لە سایەی ئەم دوو حیزبە ناکۆک و دژ بەیەکە، ئەم جۆرە بۆچوون و بیرکردنەوەیە، لەم سەردەمەدا ئەم دوو دەستە ئەمین نابینم، لێیان دڵنیانیم، تا دەنگیان بدرێتێ و کەرکوک و نیشتمانیان پێبسپێردرێ. بۆیە کاتێتی بەدوای دەستی تردا بگەڕێن، دەستێک ببێتە جێی ئومێدی هەموان.

گەلەری