پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تا ئێستا حکومەتی ماوەبەسەرچوو ١٢٠ ملیارەکەی رادەستی بەغدا نەکردووە و بەهۆی پابەندنەبوونی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەگدا سەختە پێش هەڵبژاردن مووچە بنێردرێت. دەشڵێت، ئەگەر پارتی و یەکێتی لەم هەڵبژاردنە زۆرینەی دەنگ بهێننەوە، لەساڵانی داهاتوودا کێشەی مووچە زۆر خراپتر دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە پێویستە هەرێم پابەندی رێککەوتنەکانی ببێت لەگەڵ بەغدا، بەمانەوەی پارتی و یەکێتیش دوای هەڵبژاردن بارودۆخ زۆر خراپتر دەبێت لە ئێستا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پارتی و یەکێتی لەم هەڵبژاردنە زۆرینەی دەنگ
بهێننەوە، لەساڵانی داهاتوودا کێشەی مووچە زۆر خراپتر دەبێت و لە ئێستاشدا هەلێکی
باش بۆ هاوڵاتیان هاتووەتەپێشەوە نەوەی نوێ لەهەڵبژاردن بکەن بەزۆرینە، "ئەوکات
بەکردار دەیبینن چۆن کێشەکان چارەسەر دەکەین".
دەشڵێت، پارتی و یەکێتی مووچەی هاوڵاتیان و سەروەت و سامانی هەرێمەکە
دەدزن و هیچ کاتێک بارودۆخی هەرێم وەکو ئێستا خراپ نەبووە، لەهەڵبژاردن دەسەڵات لای
هاوڵاتیانەو دەتوانن بۆ باشکردنی ژیانیان هێزی نوێ تاقیبکەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ باسی لەوەشکردووە، "بە نۆ ئەندام پەرلەمانەوە
توانیمان لەبەغدا زۆر کاری گرنگ بۆ هاوڵاتیان ئەنجامبدەین، وەک هاوتاکردنی ماف و
شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێم بە عێراق و هێنانی دەرمان و سوتەمەنی بەبێ
بەرامبەر بۆ هاوڵاتیان، هەروەها بە پارێزگابوونی هەڵەبجە یەکێکە لە پڕۆژەکانی نەوەی
نوێ.
وتیشی، "پێشنیاری تەوتینکردنی مووچە لەلایەن نەوەی نوێوە خرایەڕوو
و یەکێکی تر لەکارەکانمان لەبەغدا داواکردنی گێڕانەوەی مووچە خوراوەکانی هەرێم بووە،
دوای هەڵبژاردنیش یەکەم هەنگاومان لەبەغدا کارکردنە بۆ تەوتین کردنی مووچە دەبێت و
لەبەغداوە هەوڵی دابینکردنی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرەو قەرزی بچووک و هەرزانکردنی
بەنزین و سوتەمەنی دەدەین".