عێراق لەگەڵ باشووری ئەفریقا گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی Milkor380 واژوو دەکات و لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە لەگەڵ پاکستان بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهبار ٢.
ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق وتی، گرێبەستێکیان لەگەڵ باشووری ئەفریقا واژوو کردووە بۆ کڕینی پۆلێک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری Milkor380 ، کە یەکێکە لە نوێترین فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
ئەم هەوڵەی عێراق بۆ کڕینی ئەم
فڕۆکانە دەکەوێتە ناو ستراتیژییەتێک بۆ نوێکردنەوەی هێزی ئاسمانیی و بەهێزکردنی
توانا بەرگرییەکانی، بەجۆرێک کە لەگەڵ گەشەسەندنی شەڕی نوێدا بگونجێت، کە زیاتر
پشتی بە سیستەمە ئاسمانییە بێفڕۆکەوانەکان دەبەستێت بۆ هەواڵگریی و پشتیوانیی
شەڕکردن.
فڕۆکەکە خاوەنی توانای هەواڵگری و شەڕکەری
پێشکەوتووە و دەتوانێت تا بەرزیی ٣٠ هەزار پێ بفڕێت بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ کاتژمێری
بەردەوام و مەودای کارپێکردنی زیاتر لە چوار هەزار کیلۆمەترە و دەتوانێت ٢٢٠ کگم
لە مووشەکی رێنماییکراو و بۆمبی زیرەک و ئامێری هەستەوەری پێشکەوتوو هەڵبگرێت،
ئەمەش وادەکات گونجاو بێت بۆ ئەرکەکانی چاودێری، پاراستنی سنوورەکانی عێراق و
بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە چەکدارەکان.
هاوکات، سابت عەباسی دەشڵێت، لە
گفتوگۆی پێشکەوتوودان لەگەڵ پاکستان بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری شاهبار ٢ ،
کە خاوەنی توانای هێرشبەری و هەواڵگری بەرزە.
شاهبار٢ یەکێکە لە فڕۆکە
نوێیەکان و بۆ ئەرکەکانی چاودێری و هێرشی وردی
ئاراستەکراو بەکاردەهێنرێت و فڕۆکەکە مەوداکەی دەگاتە نزیکەی هەزار و پەنجا
کیلۆمەتر و بە خێراییەکی زۆر کار دەکات، لەگەڵ توانای پەیوەندیکردن بە مانگە
دەستکردەکانەوە و دووبارە دەستپێکردنەوەی بزوێنەر لە کاتی فڕیندا، کە رێگە بە
بەکارهێنانی دەدات لە بارودۆخە جیاوازەکاندا.