سەردێڕ:

ئازادی لەکوێ نیە؟ لە تەیراوا یان لە قالاوا؟

PM:12:35:04/11/2025
424 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

چەند ڕۆژێکە لە میدیاکانی ئەم هەرێمەدا پرسیارێک زەق دەکەنەوە دەڵێن ئازادی لەکوێ نیە یان ئازادی لەکوێ هەیە (هەولێر یان سلێمانی) لەڕاستیدا وروژاندنی ئەم پرسیارە جۆرێکە لە نا وشیاری ئەو کەس و لایەن و دەزگاو سایتانە، ئەگینا ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەچاوی جیهاندا بە کوردستان دەبینندرێن و بە هەرێمی کوردستان ناو دەبنرێین، نەک لە ئاستی گەڕەکدا یاخود ئەو چەمکە وێرانکەرەی زۆنی (زەرد وسەوز) لەبیری کۆمەڵگەی کوردیدا ئازادی ڕەگی خۆی هەیە، بۆیە بەدرێژایی مێژوو خەباتی بۆ ئازادی کردووە، کارەساتەکە ئەوەیە هەرکاتێک دەستی گەشتووە بە ئازادی نەیزانیووە چۆن سود لە ئازادی وەربگرێت و هاتووە بەدەستی خۆی ئازادی شێواندووە، دەیان نموونەمان لە مێژووی کورددا هەیە.

پرسیارێک لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی لەکوێ ئازادی نییە؟ جارێ دەبێ پرسیاری ئێمە ئەوەبێ ئازادی چیە؟ ئایا تێگەیشتی کۆمەڵگەی کوردی بۆ ئازادی چیە؟ یان میدیای چەواشە مەبەستی لە وروژاندنی ئەم پرسیارە چیە؟ ئەگەر بمانەوێ بە کورتی لەئازادی بگەین، ئازادی واتە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵگە بەکراوەیی و ئازادانە ڕای خۆیان دەربڕن گوزارشت لە بیروباوەڕی خۆیان بکەن، لە جیهاندا فەزای ئازاد بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگەی دیموکرات و کراوەیە، بەبێ فەزای ئازاد هیچ کۆمەڵگەیەک تەندروست نیەو تاکی تەندروست و بەرهەم هێن دروست ناکات، چونکە ستەمکاری بۆخۆی کۆمەڵگا دەکاتە نەخۆشخانەیەکی گەورە نەک کۆمەڵگایەکی ڕاقی، ئەمەش پێمان دەڵێ سیستەم گەشەی کۆمەڵگە دیاریدەکات و پێت دەڵێ ئایا ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی کەوتووە یاخود سەرکەوتووداین، لەبیریشمان نەچێت دەسەڵات و سیستەم بەرهەمی ڕۆح و وشیاری کۆمەڵگایە.

دەمەوێت ئەوە بڵێم لە وڵاتانی دیموکراتدا ناکرێ شارێک ئازادی ڕێیدابێت و شارێک سەرکوتکردنی ئازادی، ئایا لە کام شاری گەورەی ئەمریکا بەریتانیا فەرەنسا سوید لە شارێک ئازادی هەیەو لە شارێک ئازادی نیە، بۆیە پێویستە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەیوروژێنن ( ئازادی لە هەولێر نیە یا لە سلێمانی) دەبێ پێیان بڵێین ئەو پرسیارە هی ئەقڵی وشیار نیە ئەقڵیەتی شەڕەگەڕەکە، چونکە لە دەرەوەی کورد ئێمە بە هەرێمی کوردستان دەبینن، ئیتر ئازادی لە قالاوا نەبێت و لە تەیراوە نەبێت یاخود هەبێت ئەوە ئەوانی دەرەوەی ماڵی کوردی لە شکستی ئەقڵی کوردی یا دروستی ئەقڵی کوردیداو لە هەرێمی کوردستاندا دەیبینن، نەک لە تەیراواو قالاوا، بۆیە تکاتە واز لە زەقکردنەوەو جیاوازی ئەم زۆن و ئەو زۆن بهێنن و لێ بگەڕێن تاکی کورد دوای دەیان ساڵ لە بەدبەختی با بتوانێت گوزارشت لە بیر و باوەڕی خۆی بکات، چونکە ئەوە ئازادی خۆیەتی دواجار هەموو بەربەست و کۆتەکان لادەبات و هەر دەگاتە جێ.

گەلەری