سەردێڕ:

عێراق لە پلەی دووەمی هەناردەکارانی نەوتە بۆ ئەمریکا

PM:06:40:30/10/2025

672 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی زانیاریی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا لە مانگی تەمووزی رابردوودا زیاتر لە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە وڵاتانی رێکخراوی "ئۆپێک"ـەوە هاوردە کردووە و عێراقیش لە پلەی دووەمی هەناردەکردندا بووە لەناو ئەو وڵاتانەدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەگوێرەی داتاكانی ئیدارەی وزەی ئەمریکا، قەبارەی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە مانگی تەممووزی ٢٠٢٥ـدا گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٩ ملیۆن بەرمی.

بەگوێرەی ئامارەکە، عێراق بە هەناردەکردنی نۆ ملیۆن و ٨٢٥ هەزار بەرمیل نەوت، لە پلەی دووەمی وڵاتانی "ئۆپێک"دا بووە کە زۆرترین نەوتیان هەناردە کردووە و سعودیەش بە نۆ ملیۆن و ٩٩٦ هەزار بەرمیل لە پلەی یەکەمدا بووە، پاشان نەیجیریا بە سێ ملیۆن و ٧٦٨ هەزار بەرمیل لە پلەی سێیەمدا هاتووە.
هەروەها جەزائیر بە دوو ملیۆن و ١١٢ هەزار بەرمیل لە پلەی چوارەمدا بووە، پاشان لیبیا بە دوو ملیۆن و ١١ هەزار بەرمیل، گابۆن بە ٦٧٨ هەزار بەرمیل، کوەیت بە ٦٥٠ هەزار بەرمیل و ڤەنزوێلا بە ١٧٥ هەزار بەرمیل لە پلەی هەشتەمدا هاتووە.

ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتانی دیکەی ئەندام، کە بریتی بوون لە کۆنگۆ، ئێران و ئیمارات، هیچ بڕێک نەوتیان بۆ ئەمریکا لە مانگی تەممووزدا هەناردە نەکردووە.

ئەمریکا یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت و هاوکات بەکاربەری نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا و رۆژانە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت، لە بەرامبەریشدا عێراق بۆ بودجەی ساڵانەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، کە رێژەکەی دەگاتە نزیکەی ٩٢٪، ئەوەی دیکە بە داهاتی نانەوتی پڕی دەکاتەوە.













گەلەری