دەرفەتێکی باش بۆ رادەستکردنی نەوت و هاتنی مووچە هاتووەتە پێشەوە، لەلایەک بەغدا بۆ نەهێشتنی پاساوی هەرێم گرفتی کۆمپانیاکانی نەوتیی چارەسەرکردووە، لەلایەکی دیکەوە هەرێمیش دەڵێت، ئەگەر رێکەوتنی سێ قۆڵی بکرێت نەوت رادەست دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی دوێنێ بەغدا ٤٨ کاتژمێری بۆ چارەسەری گرفتی نەوتی هەرێم دیاریکرد، ئەمڕۆ حکومەتی ماوەبەسەرچوو کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەر رێککەوتنی سێ قۆڵی هەرێم و بەغدا و کۆمپانیاکان بکرێت نەوتەکە رادەستدەکەن و داواشیکرد بەغدا مووچەی مانگی حەوت و هەشت خەرجبکات.
لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژى
حکومەتى ماوەبەسەرچوو لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تی وتی، ئەمڕۆ ئاستی
بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگە نەوتییەکان گەیشتووەتە ٢٣٣ هەزار بەرمیل و نوسراویشیان
ناردووە بۆ حکومەتی عێراق تا نەوتەکەیان لێوەرگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پرسی نەوت
کۆمپانیاکان بۆ رێککەوتن نەرمییان نواندووە تا بەپێی یاسای عێراقی رێککەوتن بکەن
لەگەڵ عێراق.
لەبارەی داهاتی ناوخۆشەوە، وتەبێژی حکومەتى ماوەبەسەرچوو
باسی لەوەکرد، ئەوەی یاسای بودجە دیارییکردووە لە داهاتی ناوخۆ ئامادەن رادەستی
بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕ و جۆری ئەو داهاتە نانەوتیانەى کە هەرێم دەبێت رادەستی
بکات هێشتا لە ئەنجومەنی دەوڵەتە تا یەکلایی بکاتەوە.
بەڵام بەغدا دەڵێت
کار لە مەرج و ئەگەر و ناگەردا نەماوە، بە کرداری نەوتەکە رادەستبکەن مووچە خەرجدەکرێت.
لەو بارەیەوە بەرپرسێکی عێراق بە ئێن ئارتی وت، ئەگەر نەوتەکە رادەستبکرێت هەفتەى داهاتوو
دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و دواتریش
هەشت و مانگەکانی تریش دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، زۆر جار حکومەتى ماوەبەسەرچوو پێش هەڵبژاردن دەڵێت، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون
تا بە خەڵك بڵین کێشەی مووچە چارەسەر دەکەن بەڵام دوای هەڵبژاردن وەک هەموو جارێک رێککەوتنەکە
تێکدەدەن و دۆخی مووچەخۆران خراپتر دەبن، ئەمەش پێنج جار لەماوەی دوو ساڵی
رابردوودا روویداوە.