سەردێڕ:

هاتووچۆی هەولێر بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێلە ژمارە کاتییەکان بڕیارێكی دەركرد

PM:05:41:14/09/2025

1072 جار خوێندراوەتەوە

هاتووچۆی هەولێر بڕیار دەدات بەجیاكردنەوەی پشكنینی ئۆتۆمبێلی بەكارنەهاتوو (ژمارە كاتی، سفر كیلۆمەتر)ـی هاوڵاتیان لە كۆمپانیاكان و چەند بنكەیەكی پشكنینیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكات.


ئەمڕۆ یەكشەممە ١٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، بەگوێرەی ئاگادارییەك كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە، بڕیاریانداوە بە جیاكردنەوەی پشكنینی ئۆتۆمبێلی بەكارنەهاتوو (ژمارە كاتی سفر كیلۆمەتر)ـی هاووڵاتیان لە كۆمپانیاكان.

ئاماژەیان بەوەکردووە، هەرسێ بنكەی پشكنینی (كەسنەزان ، ٣٢ـی پارك، گوێڕ) بەیانیان پشكنینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان جۆری (ژمارە كاتی سفر كیلۆمەتر) لێ ئەنجام دەدرێت، واتە ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆمەتری كۆمپانیاكان نابێت لە كاتی دەوامی بەیانیان سەردانی ئەم بنكانەی پشكنین بكەن، تایبەتە بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان.
دەشڵێن، بنكەی ٣٢ـی پارك لە كاتژمێر (٣ تا ٦) دوای نیوەڕۆ تایبەتە بە پشكنینی ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی سفر كیلۆ مەتری كۆمپانیاكان و هاووڵاتیان، واتە هاووڵاتیان لەو كاتەی بۆ پشكنینی ئۆتۆمبێلی كۆمپانیاكان دیاری كراوە، ئەوانیش دەتوانن دوای نیوەڕۆ ئۆتۆمبێلەكانیان ببەن بۆ پشكنین لە بنكەی پشكنینی ٣٢ پارك تەنها ئەگەر ژمارەكاتی سفر كیلۆمەتر بێت.
باسیان لەوەشکردووە، ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی بەكارهاتوو هەر وەك پێشوو لە بنكەی پشكنینی ٣٢ پارك بەیانیان پشكنینی بۆ ئەنجام دەدرێت، ئۆتۆمبێلی ژمارە هەولێری تۆماركراو لە هەردوو بنكەی كەسنەزان و گوێڕ پشكنینی بۆ ئەنجام دەدرێت.
هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم بڕیارە لە سبەی بەیانی رۆژی دووشەممە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.













گەلەری