سەردێڕ:

سەنتەری میترۆ هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی سەركۆنە دەكات

AM:09:25:07/09/2025

2872 جار خوێندراوەتەوە

سەنتەری میترۆ دەڵێت، لەکاتی شەڕەکەی لالەزار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرش کراوەتە سەر ئۆفیسێکی دەرەکی و سەرجەم کەرەستە و پێداویستییەکانی ناو ئۆفیسەکە و پارەی پرۆژەکانیان بردووە، کەسیش ئامادە نییە لەم بارەیەوە لێدوان بدات. دەشڵێت، ئەم کردەوانە پێشێلكاری روونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیین و هەرێمی كوردستان دەکەنە شوێنێكی نائارام بۆ كاری رێكخراوی بیانی.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ـی ئەیلوولـی ٢٠٢٥، سەنتەری میترۆ بڵاویکردەوە، ئۆفیسی پایا، کە دەكەوێتە گەرەكی سەرچناری شاری سلێمانی، نزیكە لە ماڵی سەرۆكی بەرەی گەل، لاهور شێخ جەنگی و هۆتێل لالەزار، چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی لەو تەلارە ئۆفیسییان هەیە و بە پێ چەند چاوگێکیش بەرەبەیانی هەینی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥، لەكاتی شەڕە خوێناوییەكەی لالەزار، هێزی چەكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر ئەو تەلارە كە ئۆفیسی ئەو رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیانەی تێدایە.

وتیشی، ئەمڕۆ زانیویانە هێزەكە سەرجەم كەرەستەی ناو ئۆفیسی رێكخراوەكانی بردووە، لەوانەش: قاسەی پارە کە پارەی پرۆژەكانی لەناودا بووە، مۆبایل و جزدان، پاسپۆرت و زانیاری کەسی کارمەندان، چەندین لاپتۆپ و سێتی کامێرا و ئامێری تر تا دەگاتە كەرەستەی زۆر زۆر سادەییش وەك فلچەی ددان شتن و ئامێری ریشتاشیینی كارمەندان.

دەشڵێت، سەنتەری میترۆ لەگەڵ بیستنی هەواڵەكە دەستی بە پەیوەندییەكانی كرد، لەگەڵ ئەوەی زانیارییەكان پشتڕاستدەكرێنەوە، بەڵام توشی سەرسوڕمان بوو لەوەی كەس ئامادە نییە بەناوی خۆی و رێكخراوەكەی لێدوان بدات و نزیكەی دوو هەفتەیە بێدەنگن.

جەختیشیکردەوە، هێرش بۆ سەر ئەو باڵەخانەیەی كە ئۆفیسی چەند رێكخراوێكی ناوخۆی و بیانی لەخۆ دەگرێت، زەوتكردنی كەرەستەكانی و بردنی بۆ شوێنی نادیار، هیچ بنەمای یاسایی نییە و پێشێلكاری روونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیە و رێگری لە كاری ئەو رێكخراوانە دەكات بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان، مەترسی ئەوەشی هەیە هەرێمی كوردستان بخاتە زۆنی سور بۆ كاری رێكخراوی بیانی.

میترۆ ئاگادارە لەوەی ئەو رێكخراوانە هیچ پەیوەندییەكیان بە ململانێی سیاسی و چەكداریی ئەم دواییە نییە، تا بكرێتە پاسا و بەو شێوەیە دەستبگرن بەسەر كەلوپەلی ئەو رێكخراوانە، داوا دەكات داوای لێبوردنیان لێبكرێت و قەرەبووی زیانەكانیان بكرێتەوە.













گەلەری