ئەمڕۆ بهبۆنهی ساڵیادی لەدایکبوونی محەمەد پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) وەک نەریتێکی ساڵانە موسوڵمانان لە سەرانسەری جیهان، بەشێوازی جیاواز یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، کە بەرامبەرە بە ١٢ـی رەبیعەلئەوەلی ساڵێ ١٤٤٧ـی کۆچی، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ)، موسوڵمانانی کوردستان وەک هەموو موسوڵمانانی جیهان بە بەخشینی خواردن بەسەر خەڵکیدا و یاد و زیکری خودا و پێغەمبەرەکەی یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە.
بەپێی زۆرینەی چاوگەکان، لەدایکبوونی پێغەمبەر
دەکەوێتە ١٢ـی مانگی رەبیعلئەوەلی مانگی عەرەبییەوە، لای ئەو کەسانەش کە باوەڕیان
بە بۆنەی مەولود هەیە تەواوی مانگەکە بە مانگی مەولود ناوزەند دەکرێت. بەشێکی زۆری
مسوڵمانان لەو مانگەدا بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرەکەیانەوە (د.خ) ئاهەنگ و
مەراسیمی تایبەت رێکدەخەن، لە مەراسیمەکاندا سرود و قەسیدەی تایبەت بە پێغەمبەری
ئیسلام (د.خ) دەوترێت و خواردن و شیرینی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش دەکرێت و یاد و
زیکری خودا و پێغەمبەرەکەی دەکرێت.
مێژووی مەولود یەکێکە لەو مێژووانەی قسە و باسی
زۆری لەسەر دەکرێت، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەکان کۆکن لەسەرئەوەی بۆ یەکەمجار ئەم
بۆنەیە لە سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری کوڕی زەینەدینی عەلی ناسراو بە
سوڵتان موزەفەر بەرز راگیراوە، کە ناوبراو لە سەردەمی دەسەڵاتی سەڵاحەدینی ئەیوبی
حاکمی شاری هەولێر بووە.زۆرینەی مسوڵمانان لەکاتی هاتنی مانگی مەولود
دەبنە دوو بەشەوە، بەشێکیان پێیان وایە رێکخستنی مەراسیم و ئاهەنگەکان بەوبۆنەیەوە
بیدعەیە (داهێنراوە) لە دینی ئیسلامدا و دروست نییە، بەڵگەشیان بۆ
بیروبۆچوونەکەیان ئەوەیە کە پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) خۆی ئەو یادەی نەکردووەتەوە و
گرنگی پێنەداوە، نەک هەر خۆی بەڵکو چوار خەلیفەکەی راشیدینیش کە بە نزیکترین
کەسەکانی ئەو دادەنرێت لەپاش خۆی ئەم بۆنەیەیان بەرز رانەگرتووە.
لە بەرامبەردا بەشێکی تری مسوڵمانان رێکخستنی
مەراسیم لەیادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) بە کارێکی دروست و ئاسایی دەزانن و
زۆرینەی ئەوانەی ئەم بیروبۆچوونەشیان هەیە دەڵین، مەولود بەشێک نییە لەو ئەرک و
سوننەتانەی لە قورئان و فەرموودەوە پێیان گەیشتووە و بیدعە تەنها ئەو ئەرک و
سوننەتانە دەگرێتەوە کە ئاماژەیان پێدراوە، واتا داهێنانی نوێژێکی نوێ یاخود رۆژوو
و هەر ئەرکێکی تری هاوشێوەی ناو دینی ئیسلام، بەڵام مەراسیمەکانی تایبەت بە مەولود
یادی خودا و پێغەمبەر (د.خ) تێدا دەکرێت و هیچی تر.
ساڵانە بەشێکی زۆری مسوڵمانانی کوردستان مانگی
مەولود بە رێکخستنی بۆنە و مەراسیمەکان، بەخشینەوەی خواردن و شیرینی و خێرکردن
بەرز رادەگرن و هەموو ساڵێکیش لەو بەروارەدا.