بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، بۆ یەکەمجار تیمێکی پشکنەری دەزگاكه گەڕاونەتەوە ئێران لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٥، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی فۆکس نیوزی وت، "تیمی یەکەمی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گەڕاونەتەوە ئێران و خەریکە دەستپێدەکەینەوە".
ئاماژهی بهوهشكرد،
لە ئێران وەک دەزانن چەندین ئیمکانات هەیە کە هەندێکیان هێرشیان کراوەتە سەر بەڵام
هەندێکی دیكه نەبوون، لە ئێستادا خەریکی تاوتوێکردنی رێوشوێنی کردەیین کە
دەتوانرێت بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی بتوانن لەوێ دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
ئەوەش دوای
ئەوەهات کە ئێران و ترۆیکای ئەوروپی (بریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا) لە جنێڤ
دانوستانیان ئەنجامدا، لەوێ تاران هەوڵیدا رێگری لە ئەوروپییەکان بکات کە
میکانیزمی دەستپێکەر چالاک بکەن و سزا نێودەوڵەتییەکان بسەپێننەوە.
تاران بەهۆی
شکستهێنان لە ئیدانەکردنی ئەو شەڕە بێوێنەیەی ئیسرائیل کە لە ١٣ـی حوزەیران
دەستیپێکردبوو، کە ئەمریکا بە بۆردومانی سێ دامەزراوەی ئەتۆمی دەستوەردانی کرد،
هاوکارییەکانی لەگەڵ دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵپەسارد.