سەردێڕ:

١٢ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس تێدەپەڕێت

AM:11:35:04/08/2025

2548 جار خوێندراوەتەوە

لە تریفەی ھەڵبەستەوە دەستیپێکرد؛ ١٢ ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی کوردی و نووسەری ناوداری گەلی کورد کۆچی دواییکرد.


ئەمڕۆ دووشەممە ٤ـی ئابـی ٢٠٢٥، ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیر و نووسەری ناوداری کورد، شێرکۆ بێکەسە یەکێک بووە لە قەڵەمە دیار و ناوازەکانی ناو ئەدەبیاتی کوردستان و ناوچەکە، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد.

شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری ناوداری کورد فایەق بێکەسە و لە دووی ئایاری ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە، یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە رۆژنامەی ژین بڵاوکردووەتەوە و ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتوکی شیعری بە ناوی تریفەی ھەڵبەست لە بەغدا چاپ کردووە، لەساڵی ١٩٨٧ لە سوید خەڵاتی (تۆخۆڵسکی) وەرگرتووە و ساڵی ١٩٩٢ بووە بە وەزیری رۆشنبیری هەرێم و ساڵی ١٩٩٨ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی لە سلێمانی دامەزراندووە، کە تا ئێستا لە کارکردن بەردەوامە؛ هەروەها یەکێک بووە لە دامەزرێنەرەکانی گرووپی روانگە و ساڵی ٢٠٠٩ سەرجەمی بەرهەمەکانی لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپ کردووە.

ئەو شاعیر و گەورە نوسەرەی کورد رۆژی چواری ئابی ٢٠١٣ لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی سوید بەھۆی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسییەتی خۆی لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی بەخاک سپێررا.

دەقى وەسیەتنامەکەی: 
"
من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (١٩٦٣)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكە‌و ژن ‌و پیاو‌ی شارەكەم‌ و دەنگی مۆسیقا ‌و گۆرانی ‌و هەڵپەڕكێ‌ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم.
با كتێبخانەكەم‌ و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك‌ و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆئەوەی شاعیران‌ و نو‌سەران‌ و كچ ‌و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستاوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم‌ و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان ‌و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان ‌و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ ‌و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم‌ و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ ‌و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە ‌و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم.













گەلەری