سەردێڕ:

وادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئێران و چەند وڵاتێکی ئەوروپی ئاشکراکرا

PM:06:36:20/07/2025

1284 جار خوێندراوەتەوە

میدیاى ئێران دەڵێت، تاران و وڵاتانى بەڕیتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەبارەی دەستپێکردنەوەى دانوستانى ئەتۆمی رێککەوتوون.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ـی تەمموزی ٢٠٢٥، ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان رێککەوتن کراوە، بەڵام تا ئێستا سەبارەت بە دیاریکردنی کات و شوێنی گفتوگۆکان، راوێژ بەردەوامە و تا ئێستا رۆژ و شوێنی گفتوگۆکانی داهاتوو یەکلایینەکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیم، کۆبوونەوە و دانوستانەکان لەسەر ئاستی یاریدەدەری وەزیرانی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی ئەوروپى دەبێت.

دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان پاش هۆشداریی ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە دێت، کاتێک وتیان، ئەگەر دانوستانەکان دەستپێنەکاتەوە، سزاکانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە، کە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥ راگیرابوون.

بەگوێرەی دوو دیپلۆماتکاری ئەوروپیش بێت ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب بەدینەیەت ئەوا سزاکان بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە.













گەلەری