سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، هیچ نیەتێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەرێم نییە و چاوەڕێی تەواوبوونی وردبینیی لیژنەی دارایین بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی مووچەی هەرێم، دەشڵێت، دەبێت هەرێم پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٥، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محمد شیاع سودانى، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسى ناسراوى عەرەب (غەسان شربل) باسی لەوەکردووە، هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، بەبێ ئەمەش مووچە رەوانە ناکرێت.
وتیشی، دەبێت هەرێم پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، چاوەڕێی تەواوبوونی وردبینیی لیژنەی دارایین بۆ بڕیاردان لەسەر ناردنی مووچەی هەرێم.
دەشڵێت، هیچ
نیەتێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەرێم نییە و پارەیان بۆ هەڵبژاردنەکانى هەرێم
تەرخانکردووە، بەڵام دواى هەشت تا نـۆ مانگ هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە.
هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و بڕیارێک لەسەر
ناردنی مووچەی هەرێم بدرێت.
لەلایەکی تریشەوە،
دادگای فیدڕاڵی دانیشتنەکەی کە بڕیاربوو لەسەر مووچە بیکات بۆ ٢٨ی ئەم مانگە
دواخست، بەپێی زانیارییەکانیش پارتی و یەکێتی داوایانکردووە تا کاتی هەڵبژاردن،
دوو بۆ سێ مووچە رەوانە بکرێت، چونکە یەکلابونەتەوە نەوت رادەست ناکەن و بە بەغداشیان
وتووە، کێشە نییە ئەگەر دوو سێ مووچەی مووچەخۆران ببڕن لە بری نەناردنی داهاتی ناوخۆ
و نەوت.