سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق: بەشی دووەمی پارەی جوتیاران خەرجکرا

PM:08:02:12/06/2025

1028 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، بەشی ژمێریاریی وەزارەتەکە، دەستیکرد بە خەرجکردنی بەشی دووەمی پارەی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٥، کە بڕی ٥٠٠ ملیار دینارە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر رەزامەندی سەرۆکی حکومەت و رێنماییەکانی وەزیری دارایی، ئەمڕۆ بەشی ژمێریاری وەزارەتەکە دەستیکردووە بە خەرجکردنی بڕی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ بەشی دووەمی پارەی جوتیاران، بۆ بەرهەمی گەنمی ساڵی ٢٠٢٥.

وتیشی، ئەم رێوشوێنە لە چوارچێوەی پابەندبوونی وەزارەت دێت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی نەختینەی دارایی، کە سەقامگیریی دۆخی جوتیاران مسۆگەردەکات و هانیان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە گەشەپێدانی بەروبوومەکانیان.

باسی لەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیە، لە بنەڕەتدا لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە دیاریكراوە و بەپێی دارایی پەسەندكراو، خەرجدەكرێت، دڵنیاین لەوەی راستەوخۆ دەدرێتە دەستی جوتیاران بەبێ دواكەوتن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی وەزارەتەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە چاودێریکردنی رێکارەکانی خەرجکردن، بۆ دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی شایستە داراییەکان، بەشێوەیەکی رێکوپێک و خێرا.













گەلەری