کارەبای سلێمانی دەڵێت، نرخی کارەبا لەو ماڵانەی کە کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەبووە لەنێوان ٢٥ بۆ ٥٠ هەزار دینار بووە، ئەمەش لەم وەرزی بەهارەدا و بە داشکاندنی لەسەدا ٥٠ـشەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ـی ئایاری ٢٠٢٥، سەرەڕای ئەوەیداشکاندنی ٥٠٪ بۆ نرخی کارەبای پرۆژەی رووناکی کراوە، کارەبای سلێمانی دەڵێت ئەو هاوڵاتییانەی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەبووە لەنێوان ٢٥ بۆ ٥٠ هەزار دینار بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەم وەرزی بەهارەدا خەڵکی
کارەبایەکی زۆر بەکارناهێنن و لەهەمان کاتیشدا پرۆژەکەداشکاندنی ٥٠٪ بۆ نرخی کارەباکە کردووە، واتە ئەگەر داشکاندن نەکرایە هەر ماڵێک نزیکەی ١٠٠
هەزار دیناری بۆ دەهاتەوە.
بە واتایەکەی دیکە، لە وەرزی هاویندا کە
ئەوکات خەڵکی بەهۆی گەرماوە بە ناچاری کارەبای زیاتر بەکاردەهێنن، داشکاندنی پارەی
کارەبای پڕۆژەکەش نامێنێت، لانی کەم مانگانە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار دینار پارەی کارەبا
بۆ هاوڵاتیان دێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە،پرۆژەی رووناکی جگە لە هاوڵاتیان ئێستا دام و دەزگاکانی حکومەت خۆشی
گرتۆتەوە و لە نوێترین بریاردا نرخی هەر کیلۆوات کارەبایەک بۆ دام و دەزگا
حکومییەکان دیاریکراوە بە ١٦٠ دینار.
بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی بریارەکەی حکومەت بۆ ئەوەیە هەر
وەزارەت و دام و دەزگایەک کارەبا زۆر بەکار بێنیت سزای بدات بە کەمکردنەوەی
خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی هەڵگرتنی سپلیت و ئامێرەکانی فێنکەرەوە کە وزەی
کارەبای زۆری پێویست بێت.
هـ.ئـ