سەردێڕ:

کۆمسیۆن لیژنەی باڵای ئاسایشی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پێکهێنا

PM:02:52:19/05/2025

1492 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێكهێنانی لیژنەی باڵای ئاسایش بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی رایگەیاند كە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەرۆكایەتی دەكات و كۆمسیۆنیش بەشێك دەبێت لە لیژنەكە.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ـی ئایاری ٢٠٢٥، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە فەرمانی دیوانی كۆمسیۆن لیژنەی باڵای ئاسایش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پێکهێنرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكە لەلایەن جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. هەروەها كۆمسیۆنیش لەلایەن هەریەك لە دادوەر عەباس فەتلاوی و موهەنەد فازڵ بەڕێوەبەری گشتی و رەعد حەمەد، بەپرسی بەشی هەماهەنگی ئەمنی كۆمسیۆنەوە نوێنەرایەتی دەكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی رۆژی نۆی مانگی رابردوو واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاریكرد كه‌ به‌پێی واده‌كه‌ ١١ـی تشرینی دووەمـی ئه‌مساڵ پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت.


نـ.ک













گەلەری