سەرۆکی دەستەی دەست پاکی هەرێم لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی گەندەڵیەوە تا ئێستا ٤٧١ کەس لە دادگا حوکم دراون، لە ناو سزا دراوەکان ٢٢٢ کەسیان لە ئاستی باڵان و وەزیر، بریکاری وەزیر، راوێژکار و قائیمقامیان تێدایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ـی نیسانـی ٢٠٢٥، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەست پاکی هەرێم لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و هیچ لایەنێک نکۆڵی لێنەکردووە و تا ئێستا نزیکەی هەزار دۆسیەی گەندەڵیان رادەستی دادگا کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی دەستپاکی لێکۆڵەری
دادی و فەرمانبەری پێویستی نییە، لە هەرناوچەیەکی هەرێم پێویستیان بە ١٠٠
فەرمانبەر هەیە و بەڵام لە هەموو هەرێم ٢٦٠ فەرمانبەریان هەیە.
باسی لەوەشکرد، چوار بەڕێوبەری گشتیان خانەنشین
بوون و سێ کەس بە وەکالەت دانراوە بۆ بەڕێوەبردنی ئیشوکارەکانیان.
وتیشی، تەنها لە سلێمانی دادوەری تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی دەستەی دەستپاکی هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بە دوو
قۆناغ دامەزراندیان بۆ دەستەی دەستپاکی ئەنجامداوە، لە ساڵی ٢٠٢١ بڕیاردرا بە دامەزراندنی دادگای تاوانەکانی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی و دواتر هەڵوەشایەوە.
هەروەها، دۆسیەیەکی تایبەت بە ئەنجومەنی باڵای
خانمان لە دەستەی دەست پاکی لە ژێر لیکۆڵینەوەدایە و وەزیری پێشووی وەزارەتی
شەهیدان و ئەنفالکراوان بە بێ ئامادەبوونی خۆی بە دوو ساڵ زیندانی سزا دراوە.