سەردێڕ:

راوێژکاری دارایی سودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە دڵنیایی دەدات

PM:06:18:17/04/2025

14240 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەنگ لەسەر کارنامەی بودجە دەدرێت، مووچەی فەرمانبەران پارێزراو دەبێت و خەرجکردنی مووچە ئەولەویەتی پێدراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ـی نیسانـی ٢٠٢٥، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری محەمەد شیاع سودانـی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تایبەتمەندی و ئەولەویەتەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ـی ئاشکرا کرد، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەنگ لەسەر کارنامەی بودجە بدرێت.

وتیشی، لە بودجەی نوێدا ئەولەویەت بە بەردەوامی خەرجکردنی مووچە، خانەنشینی، و چاودێری کۆمەڵایەتی دانراوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی جووتیاران و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەی حکومەت.

ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکاری لە نرخی بەرمیلێک نەوت یان لە بڕی هەناردەکراودا، وەک بنەمایەک بۆ حیسابکردنی داهاتی نەوت، ناکۆکی نییە لەگەڵ ئەولەویەتەکانی خەرجکردن، دەشڵێت، سەقفی خەرجییە گشتیەکان لە نێوان ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتی ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠٢٣ـدا هاتووە، کە بە نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، لەگەڵ ئەوەی پەسەندکراوە لە جێبەجێکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤، کە نزیکەی ١٥٦ تریلیۆن دینار بووە.

باسی لەوەسکرد، کەمترین خەرجی گونجاوە و رێژەیە لەگەڵ هەڵاوسانی داهاتی نەوت، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر بنەما بنەڕەتییەکانی خەرجییە گشتییەکان هەبێت، بەتایبەتی سەبارەت بە پاراستنی مووچە، خانەنشینی، چاودێری کۆمەڵایەتی، و جێبەجێکردنی ئەولەویەتەکانی ستراتیژی بەگوێرەی بەرنامەی پەسەندکراوی حکومەت.













گەلەری