سەردێڕ:

وەزارەتی دادی عێراق مامەڵەی دارایی لەناو زیندانەکان دەكاتە دیجیتاڵی

PM:08:01:15/04/2025

864 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دادی عێراق، پەردەی لەسەر پڕۆژەیەکی نوێی دیجیتاڵی لادا کە تایبەتە بە ئاسانکاری مامەڵەی دارایی لەناو زیندانەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر بنەماڵەی زیندانییەکان و ڕێکخستنی نرخی دوکانەکان لە چوارچێوەی چاکسازییەکان و بە هاوكاری لەگەڵ بانكی کشتوکاڵی عێراق.


ئه‌مڕۆ سێشەممە ١٥ـی نیسانی ٢٠٢٥، موراد سەعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد راگەیاند، وەزارەتەکە بە هاوکاری بانکی کشتوکاڵی دەستیکردووە بە ئامادەكاری بۆ خزمەتگوزاری حەواڵەی ئەلیکترۆنی بۆ خێزانی زیندانییەکان، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر خێزانی زیندانییەکان، ئەوە جگە لە رێکخستنی نرخی دوکانەکان لەناو دامەزراوە چاکسازییەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی داد هەموو ئەو تێچونانە دەگرێتە ئەستۆ کە پەیوەندییان بە دەرکردنی جزدانی ئەلیکترۆنیەکەوە هەیە، هاوکات بانکی کشتوکاڵیش تێچووی ماستەرکاردەکە لە ئەستۆ دەگرێت.

باسی لەوەشکرد، ئەو خزمەتگوزارییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەوڵ و کاتەی کە بۆ زیندانییەکان و خێزانەکانیان پێویستن، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت لە رێکخستنی کارەکان لەناو دامەزراوەكانی چاکسازیدا.

لای خۆیەوە مستەفا شەمەری، نوێنەری بانکی کشتوکاڵی دووپاتیکردەوە، میکانیزمی کارکردن بریتییە لە دابینکردنی ستافێکی تایبەتمەند (سەنتەری پەیوەندی) بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزانی زیندانییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، کە خێزانەکان دەتوانن بچنە نزیکترین لقی بانکی کشتوکاڵی بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی و دەرکردنی کارتی بانکی.

لەلایەكی دیكەوە حسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەندیخانەی ناوەندیی ناسریە روونیکردەوە، هەماهەنگییەکی زۆر لە نێوان وەزارەتی داد و بانکی کشتوکاڵیدا هەیە بۆ جێبەجێکردنی پارەی ئەلیکترۆنی لە رێگەی بازنه‌ی ئەلیکترۆنییەوە، کە ژمارەیان بۆ دانراوە و بە کارتێکەوە دەبەسترێتەوە بۆ هەر زیندانییەک.
ئەوەشی خستەڕوو، ژێرخانی پێویست ئامادەکراوە، هەروەها کۆمپیوتەر لەناو دامەزراوە چاکسازییەکان دانراوە، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ نەهێشتنی تەواوەتی مامەڵەی نەختینەیی لەناو زیندانەکاندا.













گەلەری